ئامێرە زیرەكەكان مرۆڤ لەناو دەبەن

:: AM:09:36:22/04/2018 ‌
زانایانی ئەمەریكا لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دووپات لەوە دەكەنەوە، بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە ڕۆژدا، زیانی گەورە و مەترسیدار لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەكات.

زانایانی زانكۆی سان فرانسیسكۆی ئەمەریكا لە توێژینەوەیەكی نوێ كە لەسەر كاریگەری ئامێرە زیرەكەكان لەسەر ژیانی خەڵكی ئەنجامیان دا و بۆیان دەركەوتووە، ئەو دیاردەیە لە دنیا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە و خەڵكی زیاتر و كاتی زۆرتر بە ئامێرە زیرەك و پێشكەوتووەكانی تەكنەلۆجیا خەریك دەبن، ئەمەیش وای كردووە كەمتر خۆشحاڵ و شادمان دەربكەون.

توێژەران دەڵێن، ئەو كەسانەی ڕۆژانە بۆ كاتێكی زۆر ئامێرە زیرەكەكان بەكار دەهێنن، مێشك و دەمارەكانیان تووشی ئالوودەبوون بە ئامێرە زیرەكەكان دەبێ و هاوشێوەی نەخۆشی پێویستیان بە ئازارشكێن و هێوركەرەوە دەبێ، ئەگەر بۆ كاتێكی زۆر لێی دوور بكەونەوە.

لە توێژینەوەكە لێكۆڵینەوە لەسەر 135 قوتابیی زانكۆ كراوە و كە ڕۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر بە مۆبایلی زیرەك خەریكن، ئەوان هەست بە تەنیایی زۆر دەكەن، جیا لەوەیش لە ڕووی زمانەوانی و گەشەی مێشكییەوە كەمتر پێش دەكەون و كەسانی نامۆیان لێ دەردەچێ و ناتوانن تێكەڵی كۆمەڵگا بن و گفتوگۆ لەسەر پرسە جیاوازەكان لەگەڵ بەرانبەرەكانیان بكەن.

بەوهۆیەوە شارەزایان ئامۆژگاریمان دەكەن كە دوور بكەوینەوە لە زۆر بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان و گرنگی بە پێوەندی كۆمەڵایەتی كەس و خزم و دۆستەكانمان بدەین، ئەو ئامێرە زیرەكانە تەنیا بۆ كاتی پێویستی بەكار بهێنن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د