هۆی خۆشویستنی جەماوەر بۆ نەجلا فەتحی چییە؟

:: AM:10:02:22/04/2018 ‌
نەجلا فەتحی كە دیارترین خاتوونە ئەكتەری میسریی قۆناغی حەفتا و هەشتاكان بوو و بە جوانی و ورووژێنەرترین هونەرمەند دەناسرایەوە. لەناو هونەرمەندان خاوەنی زۆرترین جەماوەرە. بۆیە پێگەی "ئیلاف" هەواڵێكی لەبارەی هۆی خۆشویستنی جەماوەر بۆ نەجلا فەتحی بڵاو كردووەتەوە و رۆشنایی خستووەتە سەر.

پێگەكە ئاماژەی داوە كە لەدوای بەدواداچوونێكی زۆر بۆ هونەری پێشتر و دۆخی ئێستەی ژیان و خێزانداریی نەجلا، دەركەوتووە هۆی خۆشویستنی جەماوەر بۆ نەجلا كە تا ئێستەش بەو شێوەیەیە، بۆ هەڵوێستە هونەری و مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتییەكانی دەگەڕێتەوە و جەماوەر ناتوانن بە ئاسان ئەو كەسایەتییە لە بیر بكەن.

روونی كردووەتەوە كە نەجلا كاتێك گەنج بووە زۆرترین جەماوەری لە دەور كۆ بووەوە و جوانییەكەی سەرنجی تەواوی خەڵكی راكێشابوو، ئێستەیش كە تەمەنی هەڵكشاوە، بەهەمانشێوە بایەخی پێ دەدرێ. ئەو خاتوونە بەوە دەناسرێتەوە كە كەسێكی زۆر ئاشتیخوازە و ئامادە نییە بۆ چركەیەكیش یەكێك لێی نیگەران بێت. تەنانەت ئەگەر لە نێوان هاوڕێ و دەوروبەری خۆیدا دوو كەس كێشەیان هەبێت، دەچێتە نێوانەوە تا كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.

پێگەكە زیاتر روونی كردەوە، نەجلا یەكێكە لەوانەی دەیەوێ لەگەڵ هاوسەرەكە محەمەد قەندیل و منداڵەكانی بە هێمنی بژێت و ئاسوودەیان بكات، هەر بەو شێوەیەیش دەیەوێ هاوسەر و منداڵەكانی بەهەمانشێوەی خۆی سوودیان بۆ دەوروبەرەكەیان هەبێت.

لەوەیش زیاتر پێگەكە لەبارەی كارە هونەرییەكانی كە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە نەجلا لە كاری هونەری دوور كەوتووەتەوە، نووسیویەتی ئێستەش توانایەكی باڵای لە نواندندا هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ نواندن، چونكە پێی وایە ئەوەی پێشتر كردوویەتی، توانای راستیی خۆی بووە و نایەوێ خۆی دووبارە بكاتەوە. بۆیە زۆرجار پارەیەكی زۆریان بۆ هەڵڕشتووە تا بەشداری لە كارێكی هونەری بكات، ئەو رەتی كردووەتەوە. بۆیە نەجلا فەتحی هەر بە خۆشەویستیی جەماوەر دەمێنێتەوە.

نەجلا فەتحی لە ساڵی 1951 لە قاهیرە لە دایك بووە و بە جوانترین خاتوونە ئەكتەری حەفتا و هەشتاكان دەناسرێتەوە كە خاوەنی دەیان فیلمی سینەمایییە. لەبەرئەوەی هونەرمەندی گەورەی كۆچكردوو عەبدولحەلیم حافز لە ماڵباتەكەی نەجلا نزیك بووە، لە سەرەتاوە هانی داوە كار لە سینەمادا بكات. یەكەمین فیلمی كە بەشداریی تێدا كردووە، فیلمی "اڵاصدقا‌ء الثلاثە" بوو كە لە ساڵی 1966 هاتووەتە بەرهەم. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە رێی دەرهێنەر رەمسیس نەجیب، رۆڵی سەرەكیی وەرگرتووە لە فیلمی "افراح" و ئیتر بەردەوام بووە لە كاری هونەری كە تا ئێستە دەیان خەڵاتی عەرەبی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د