فیلمێكی كوردی لە فێستیڤاڵی كان وەرگیرا

:: AM:10:54:22/04/2018 ‌

فیلمی "رومەت" كە فیلمێكی كوردییە لە دەرهێنانی دەرهێنەر كامیران بیتاسی، لە فێستیڤاڵی كانی ناوداری جیهانی وەرگیراوە بۆ نمایشكردن.
 
ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵە، ئەو دەرهێنەرە بە"وشە"ی راگەیاند: كورتە فیلمی سینەمایی "رومەت" لە فێستیڤاڵی كان لە بەشی كورنە Short Film Corner وەرگیراوە بۆ نمایشكردن شانبەشانی چەندان فیلمی تری جیهانی. ئەو فیلمە چیرۆكەكەی باس لە ژیانی كاسبكارێكی تەمەن 80 ساڵی دەكات كە بۆیاغچییە. ئەو فیلمە لە سەرەتای ساڵی 2018 دەست بەبڵاوكردنەوەی كراوە و ئێستە بۆ فێستیڤاڵەكان هاتووەتە ناردن و یەكەمجار لە فێستیڤاڵی كان وەرگیراوە .

زیاتر گوتی، فیلمەكە ماوەكەی 10 خولەكە و لە زاخۆ كاری بۆ كراوە و سەرجەم بەشداربووانی كوردن، چیرۆكەكەی نامەیەكە و دەمەوێت بیگەیەنم بەهەر شوێنێكی دنیا. هەرچەندە ناوی كان زۆرە، بەڵام فیلمەكەمان چانسی پێشبڕكێی نییە و لە بەشی كونەر وەرگیراوە، ژمارەیەكی زۆر لە دەرهێنەر و هونەرمەندانی جیهانی بەشداری لەو بەشەدا دەكەن. فێستیڤاڵەكە لە فڕەنسا لە رێكەوتی 8/5 دەست پێ دەكات و تا 19/5 بەردەوام دەبێت.

شایەنی باسە دەرهێنەری ناوبراو ساڵی 2001 دەستی بەكاری دەرهێنەری كردووە لە بەرنامەی تیڤی، ساڵی 2010 قۆناغەكانی كاركردنی گۆڕی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و كاركردن لە بواری سینەما. تا ئێستە خاوەنی چوار كورتە فیلمی سینەمایی و هەشت فیلمی دیكۆمێنتاری و 55 كلیپی گۆرانییە، چەندان خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانی بەدەست هێناوە.
  
وشە/ شاخەوان شێخانی











وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د