بەڵگە.. سێ ئازادكراوەكە پێشمەرگە نین و لای داعشیش ئازاد نەكراون

:: PM:12:17:23/04/2018 ‌
سەركردەیەكی حەشدی شەعبی هێما بۆ ئەوە دەكات، ئەو سێ كەسەی میدیاكانی یەكێتی بڵاویان كردووەتەوە گوایە پێشمەرگەن و ئەوان لە دەستی داعش ڕزگاریان كردوون، درۆیە و هیچ بنەمایەكی راستی نییە، بەڵكو وەك رایانگەیاندووە "ئەوانە پۆلیسی گەرمیانن و لەلایەن دژە تیرۆری عێراق گیرابوون و ئێستە ئازادكراون و لاهور كردوویەتی بە بانگەشەی هەڵبژاردن و خەڵك چەواشە دەكات".

دوێنێ میدیاكانی یەكێتی بڵاویان كردەوە كە هێزێكی لاهور جەنگی سێ پێشمەرگەی دیلیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كردووە، بەڵام حەشدی شەعبی دووپاتی دەكەنەوە، كە ئەو قسانە درۆیە و ئەو سێ كەسە پۆلیسی گەرمیانن و لەلایەن دژە تیرۆری عێراق گیراون، نەك داعش.

عەقید موحسین عەلی مەهدی سەركردەی حەشدی شەعبی لە كەركووك، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو سێ كەسەی دوێنێ یەكشەم لە میدیای كوردی وا بڵاوكراوەتەوە گوایە پێشمەرگەن و لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراون، درۆیە و بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە.

زیاتر گوتی، "ئەو ئازادكراوانە پێشمەرگە نین، بەڵكو پۆلیسن لە یەكەی كارگێڕی گەرمیان، ماوەی دوو مانگە لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقەوە گیراون، دواتر ئازاد كران و بە هێزەكانی لاهور گوترا بێن وەریان بگرنەوە، بەڵام ئەوان خۆیان گوتیان جارێ با هەر لای دژە تیرۆر بن و وەریان ناگرینەوە و پێویستمان پێیان نییە، بۆ كاتی هەڵبژاردن پێویستمانە".

ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی لە كەركووك ئاشكرای دەكات كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یەكێتی داوای ئەو سێ كەسەیان كردەوە و دوێنێش لە میدیاكانی كوردی بینیمان كرابوو بە هەڵا گوایە لە دەستی داعش ڕزگاریان كردوون، بەوە تووشی سەرسوڕمان هاتین، چونكە ئەوە جیا لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵك هیچی تر نییە و دەیانەوێ بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و بانگەشەی هەڵبژاردن سێ پۆلیسەكە بەكار بێنن.

لاهور جەنگی و هێزەكەی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو خیانەتی فرۆشتنی كەركووك و خورماتوو خانەقینیان ئەنجام دا، لە بەرانبەر دزین و بە قاچاغبردنی نەوتی ناوچەكە، زیاتر لە 170 هەزار كوردی ئەو ناوچەیان ئاوارە كرد و دوو هەزار خانوو و دووكانی كورد بەهۆی ئەو خیانەتەوە سووتێنران و تەقێنرانەوە. ئێستەیش رێگە بە لیستی یەكێتی نادرێ لە كەركووك ئاڵای كوردستان بەكار بێنن.


وشە - محەمەد میران