شاره‌زا و ڕۆژنامه‌نووسێكی بیانی له ڕاپۆرتێك هێما بۆ بۆچوونه‌كانی تره‌مپ و جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ده‌ڵێ، بۆڵتن هه‌ڵوێستی به ته‌واوی دژی توركیا و ئێران و ئه‌سه‌ده و پشتیوانی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی سوننه‌ی وڵاتانی ئوڕدن و میسڕ و سعوودیه له سووریا ده‌كات، هاوكات سهرسهختانهیش پشتیوانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م داگیركارییه‌كانی توركیا و ئێران له ناوچه‌كه.
ڕاپۆرته‌كه له‌لایه‌ن ئیمانوێل سكیمیا ڕۆژنامه‌نووس و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان له پێگه‌ی
asiatimes نووسراوه، له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، دۆناڵد تره‌مپ و جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاره نوێیه‌كه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر لێدانی سووریا به‌مه‌به‌ستی وه‌ستاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له به‌رانبه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی به‌رانبه‌ر به هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه له‌باره‌ی بابه‌تی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له سووریا دوای شكاندنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش له ناوچه‌كه.
ڕاپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات كه دۆناڵد تره‌مپ و جۆن بۆڵتن، بڕوایان وایه كه بڕیاره‌كه‌ی باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بۆ كشاندنه‌وه‌ی سه‌ربازانی له عێراق له ساڵی 2011 هه‌ڵه بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رگای كراوه كردبێت بۆ دووباره یه‌كخستنی گرووپه‌كانی ئه‌لقاعیده و گۆڕینیان بۆ داعش، به‌ڵام تره‌مپ دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له سووریا و عێراق له كاتێكدا جۆن بۆڵتن له چه‌ند لێدوانێكی جیادا ئاماژه‌ی به مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا كردووه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له دوای داعش بۆ ڕێگریكردن له گه‌یشتنی ئێران و ڕووسیا به ئامانجه‌كانیان له‌م ناوچه‌یه.
له سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی جۆن بۆڵتن ڕای گه‌یاند، كه چه‌ند بیروبۆچوون و بژارده‌یه‌ك پێشكه‌شی تره‌مپ ده‌كات یه‌كێك له‌وانه كێشه‌ی سووریا و عێراق، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌دوای چاره‌سه‌رێك ده‌گه‌ڕێت كه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی تره‌مپ بگونجێت.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، بۆڵتن و مایك پۆمپیۆ كاندیدی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كار ده‌كه‌ن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی دوو هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به هێزه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه له وڵاته‌كه، ئه‌مه‌یش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكایه بۆ وڵاته‌كه‌یان، هاوكات وڵاتانی شانشینی سعوودیه و ئوردن و میسڕ له توانایاندا نییه كه به‌ره‌نگاری جه‌نگێكی گه‌وره‌ی له‌م شێوه‌یه به‌بێ یارمه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ببنه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕوونه هێزه سه‌ربازییه‌كانی سعوودیه به ئه‌سته‌م ده‌توانن به‌ره‌نگاری گرووپی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن ببنه‌وه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، هه‌روه‌ها پشگیرینهكردنی ناتۆ له شكاندنی ڕژێمی لیبیا له ساڵی 2011 ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كه بۆ واشنتن.
له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه هاتووه، شوێنی جیۆگرافی نزیك له سووریا و توانای به‌رگریكردن و هاوپه‌یمانییه‌تی له ناتۆ وای له توركیا كردووه كه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه بگونجێت، سه‌ره‌ڕای كاركردنی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئێران بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی سنووری سووریا و دامه‌زراندنی ناوچه‌ی سه‌لامه‌تی له باكوری سووریا.
به‌ڵام توركیا ئه‌و بژارده‌یه نه‌بوو كه له مێشكی بۆڵتندا بوو له ساڵی 2015 بۆ دامه‌زراندنی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی سوننه له عێراق و سووریا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌رانبه‌ر گرووپی تیرۆریستی قاعیده و داعش، هه‌روه‌ها ئامانجه‌كانی ئێران له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك گرووپه‌كانی شیعه‌ی ڕژێمی ئه‌سه‌د و حزبوڵای لبنانی پاڵپشتیكه‌ر له‌لایه‌ن ئێران و هه‌روه‌ها حكوومه‌تی شیعه‌ی به‌غدا.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌یش ڕوون كراوه‌ته‌وه كه ئه‌نكه‌ره و هاوپه‌یمانانی زیاتر ئاماده‌یییان تێدایه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كانی سووریا زیاتر له ڕژێمی ئه‌سه‌د، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزی یه‌په‌گه تاكه هێزه كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پشتگیری ده‌كرێت كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه به تیرۆریست وه‌سف كراوه.
ئه‌مه‌یش بووه هۆی درزبردن له پێوه‌ندی نێوان واشنتن و ئه‌نكه‌ره، ئه‌مه وای له توركیا و هاوپه‌یمانانی كرد كورده‌كان ده‌ست به‌سه‌ر شاری ڕه‌قه‌ی سووریا بگرن و ئێسته‌یش له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ده‌كرێ دوای ئه‌وه‌ی له ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعشیان ده‌رهێنا به پشتگیری یه‌په‌گه و سوپای ئه‌مه‌ریكا له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوودا.
جۆن بۆڵتن ئێسته ده‌یه‌وێت ئه‌مه بۆ تره‌مپ بسه‌لمێنێت كه توركیا ئامانجی داگیركردنی سووریای هه‌یه و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌سێكی متمانه پێكراو نییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه و ئه‌جێندای ئه‌وان به‌كار ده‌هێنێت كه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان داگیر كردبوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
له كۆتای ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ئامانجی بۆڵتنه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێسته بۆڵتن بژارده‌یه‌كی تر ده‌خاته به‌رده‌ست تره‌مپ بۆ پاراستنی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، ئه‌ویش به دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه، هه‌روه‌ها دروستكردنی هێزی سوننه و پاڵپشتیكه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، هه‌روه‌ها داگیركردنه‌وه‌ی باكوری سووریا كه پێوه‌سته به كورده‌كانی باكوری عێراق.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆڵتن له ڕابردوو گفتوگۆی كردووه له‌باره‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، هه‌روه‌ها پشتگیری له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق له 25ی مانگی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری ڕابردوو كرد، هاوكات هۆشداری دا له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له كه‌ركووك به مه‌به‌ستی بردنی نه‌وته‌كه‌ی.
جۆن بۆڵتن پلانی باسكردنی بیروبۆچوون و بژاردهكانییهتی بۆ دۆناڵد تره‌مپ، به پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سعوودیه و ئیسرائیل، هه‌روه‌ها پشتگیریكردنی مادی بۆ ڕیاز و هێزی سوننه كه ده‌بنه هۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژی ئه‌سه‌د و ڕووسیا و ئێران و عێراق و توركیا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ری هه‌یه تره‌مپ ئه‌م پێشنیارانه ڕه‌ت بكاته‌وه.