چەند بازرگانێكی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی گیران

:: PM:05:15:23/04/2018 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، پۆلیسی سلێمانی سێ‌ كەسی بەتۆمەتی بازرگانی كردن و بە كارهێنانی مادەی هۆشبەر گرت.

لەبارەی گرتنی ئەو تۆمەتبارانە، عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگایی سلێمانی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەچالاكییەكی‌ مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سەر بە بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، سێ تۆمەتبار كە لەڕەگەزی‌ نێرن، گیراون و بڕی‌ یەك كیلۆگرام مادەی‌ هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئەو تۆمەتبارانە كاتێك ئاشكرابوون كە یەكێكیان بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ دزیكردن لەماڵێكدا گیراوە و دواتر ئەو بڕە مادە هۆشبەرەشی‌ پێ گیراوە و هەواڵی‌ لەسەر دوو تۆمەتبارەكەی‌ تریش داوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ڕابردوو چەندان بازرگان و بەكارهێنەری تری مادەی هۆشبەر لە سلێمانی گیرابوون هاوكات وریای درابوو لە بڵاو بوونەوەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم