كۆمسیۆن بڕی پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردنی ئاشكرا كرد

:: PM:06:27:23/04/2018 ‌
بڕیارە لە 12ی ئایار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوە بچێت و ئێستە كۆمسیۆن ڕاهێنان بەو كارمەندانە دەكات كە لە ڕێگەی سیستەمی ئەلكترۆنی كۆمسیۆنەوە ناوەكانیان گەڕاوەتەوە تا ببن بە چاودێر و سەرپەرشتی بنكەكانی دەنگدان بكەن، هەر ئەمڕۆیش كۆمسیۆن بڕی ئەو پارەی دیاری كرد كە دەیداتە ئەو كارمەندانە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمسیۆن ئەو پارەیەی دیاری كراوە كە بڕیارە بیدات بە كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان و پارەكە بەپێی ئەو ئەركەی بۆ كارمەندەكان دیاری كراوە بڕەكەی جیاوازە.

بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، بۆ بەڕێوەبەری بنكەكان بڕی 250 هەزار دینار دیاری كراوە و بۆ فەرمانبەری رێكخەر لە ناوەندی دەنگدان بڕی 300 هەزار دینارە و  بۆ كارمەندێكی ئاسایی بڕی 200 هەزار دینار دیاری كراوە، هاوكات پارەكە دوابەدوای هەڵبژاردن دابەش دەكرێت.

هاوكات هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر ڕای گەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكان تەواو بووە و تائێستە 600 هەزار ناوی دووبارە و مردوو لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەرهێنراون

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم