یەكێتی لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نامەیەكی ئاراستەی بەرپرسانی بەغدا كرد

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نامەیەك ئاراستەی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و لەبارەی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دوایین هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن و دەڵێن، سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی ‌و تەناهیی پێچەوانەی دەستوور و رێسای پێوەندیەكانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە شەش مانگە، لە كەركووك و خانەقین و شنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی تریش هێشتا دەسەڵاتی سەربازی و تەناهیی رێگانادەن بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی رەسمی ‌و یاسایین بكرێنەوە و لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەن.

لەبەشێكی تری نامەكەدا هاتووە، سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی ‌و تەناهیی پێچەوانەی دەستوور و رێسای پێوەندیەكانە و  بەردەوامبوونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدووریشی نازانین، رووداوی زیانبەخشی لێ بكەوێتەوە.

نامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەكاتێكدایە كە هەفتەنامەی "وشە" لە دوایین ژمارەیدا ڕاپۆتێكی لەبارەی دۆخی كەركووك بڵاو كردەوە و یەكێتی لە ڕاپۆرتەكەدا ئاشكرای كرد كە متمانەیان بە دۆخی كەركووك نییە.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن چەند كەسێكی ناو یەكێتی ئەنجامدرا كە بووە هۆی هێنانەوەی دەسەڵاتی سەربازی و تەناهیی بەغدا بۆ كەركووك و وای كرد شارەكە داگیر بكرێت كە تا ئێستەیش حزبە كوردستانییەكان ناتوانن بچنەوە ئەو شوێنانە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:44:23/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 1278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌