له عێراقی نوێ‌دا ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا خیانه‌تیان له پره‌نسیپه‌كان كرد
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی گه‌وره بیرمه‌ندی عێراقی رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له دۆخێك‌دا ده‌ژین هاوشێوه‌ی داگیركاریی ئێرانه بۆ عێراق، بۆیه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه ئێران ده‌یه‌وێت.
عه‌له‌وی له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه چینی سیاسی له عێراق 15 ساڵه ته‌نیا له‌سه‌ر دژایه‌تیی ریفراندۆمی كورد رێككه‌وتوون و پێی وایه "ناكۆكیی سیاسییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی كورد بیر له ریفراندۆمێكی تر ده‌كاته‌وه، ئه‌وكات ره‌نگه دووباره یه‌ك بگرنه‌وه".
*ئێسته عێراق له به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدایه، پێشبینی چی ده‌كه‌ن ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌مجاره گۆڕانكاری له عێراق دروست ده‌كات؟
مه‌به‌ستی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن له دنیادا ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه، بۆ نموونه له به‌ریتانیا ئه‌گه‌ر پارتی كرێكاران فه‌رمانڕه‌وا بێت، ئه‌وه ره‌نگه له هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری روو بدات و پارتی پارێزگاران بێته‌وه ده‌سه‌ڵات و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، به‌هه‌مانشێوه جه‌ماوه‌ر له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی پێڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆیه سروشتی هه‌ڵبژاردن گۆڕانكارییه، به‌ڵام له عێراق ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریش روو بدات گۆڕانكاری راسته‌قینه نییه، چونكه ئه‌وه ئیسلامییه‌كانن به پشتبه‌ستن به ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆینی ئێران باڵاده‌ستن و ئێمه‌یش له دۆخێك‌دا ده‌ژین كه هاوشێوه‌ی داگیركاری ئێرانه بۆ عێراق، بۆیه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش به‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه ئێران ده‌یه‌وێت. ئه‌گه‌رنا له 2010 لیسته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی له هه‌ڵبژاردن زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا /91 كورسی/، به‌ڵام رێی پێ نه‌درا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، ئه‌وكات هه‌ریه‌ك له باڵوێزانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا سه‌ردانی عه‌لاوییان كرد و منیش له دانیشتنه‌كه‌دا بووم، باڵوێزه‌كان داوایان له عه‌لاوی كرد ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕێت له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی نووری مالیكی ببێت به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. واته ئه‌وان ئیسلامییه‌كی ئێرانی‌یان پێ باشتر بوو له لیبراڵێكی نزیك له رۆژئاوا، بۆیه هه‌ر ناپاكییه‌ك بۆ پره‌نسیپه‌كان به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامیان دا.
*پێویسته هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن وه‌ك ستاندارد خاوه‌ن پرۆگرامێكی تۆكمه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، به‌ڵام له عێراق ئه‌وه نییه، ئه‌ی خواست و داوای جه‌ماوه‌ر چی؟
ناتوانم ئه‌وه بڵێم كه بارسته‌یه‌كی دیاریكراو هه‌یه به‌رجه‌سته‌ی خواسته‌كانی گه‌لی عێراق بكات، به‌ڵام ده‌كرێت لیسته‌كانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردن پۆلێن بكه‌ین به لیستی نیشتمانی لیبراڵی ناوخۆیی و لیستی ئیسلامی پشتبه‌ستوو به پاڵپشتیی ده‌ره‌كی وه‌ك پارتی ئیسلامی و حزبی ده‌عوه و پارته‌كانی تریش، بۆیه پرۆسه‌كه ململانێیه له نێوان هێزه‌كانی ناوخۆیی و ئه‌وانه‌ی سه‌ربه ده‌ره‌وه‌ن له نێوان خواستێكی ناوخۆیی و خواستێكی سه‌پێنراو له ده‌ره‌وه.
*له سایه‌ی ئه‌و ململانێ به‌هێزه‌ی هه‌یه، تا چه‌ند ئه‌گه‌ری ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر ساخته‌كاریش بكرێت سنووردار ده‌بێت، واته نابێته هۆی گۆڕانكاری گه‌وره له ئه‌نجام و گۆڕینی هاوكێشه‌كان، ئیسلامییه‌كان ساخته‌یان له هه‌موو شتێك كرد، له‌ناو و بڕوانامه و ئاستی زانستی و پسپۆڕیش، ئه‌ی بۆچی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن كه گرنگترین شته؟، ئه‌وان پسپۆڕن له ساخته‌كاری، له سووریا نووسینگه‌یان هه‌بوو وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی باڵا و حزبی ده‌عوه و به‌در، ئه‌وان ساخته‌كارییان له پاسپۆرت و ڤیزه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كرد و به پاره‌یه‌كی زۆر به خه‌ڵكیان ده‌فرۆشت، بۆیه ئیسلامییه‌كان له كوێ بن ساخته‌كاری له‌وێ ده‌بێت و یه‌كه‌م شت ئه‌وان بیری لێ بكه‌نه‌وه ساخته‌كارییه.
به‌ڵام خه‌ریكه له به‌رانبه‌ر لێشاوی جه‌ماوه‌ر هه‌ڵدێن و له ئینته‌رنێت ده‌بینرێت گرووپه جه‌ماوه‌رییه‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر وێنه‌كانیان كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات چه‌ند سامانی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان دزیوه تا بتوانن خه‌رجی ئه‌و وێنه و هه‌ڵمه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردن دابین بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیبراهیم سومێدعی له ته‌له‌ڤزیۆن باسی كرد كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان 27 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ته‌رخان كردووه و ئه‌و پارانه‌یشیان له سامانی ده‌وڵه‌ت دزیوه.
*پێشبینیتان بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن چییه؟، كێ ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق؟
ئه‌وه‌ی هه‌لی زیاتری له پێشه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق بۆ دوای هه‌ڵبژاردن هادی عامرییه، وه‌ك گوتم ئیسلامییه‌كان دۆڕاون له‌ناو جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام ئه‌وان پسپۆڕن له ساخته‌كاری و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی زۆری ململانێكانه‌وه له‌دایكبوونی حكوومه‌تی نوێی عێراق سه‌خت بێت، هه‌روه‌ها دوای دروستبوونیشی بۆ چوار ساڵی داهاتوو حكوومه‌تێكی لاواز ده‌بێت، چونكه هیچ لایه‌نێك ناتوانێت زۆرینه‌یه‌كی گه‌وره به‌ده‌ست بێنێت و ببێت به بڕیار به‌ده‌ست و ئه‌گه‌ر سوپرایزێكیش هه‌بێت ئه‌وه دۆڕانی ئیسلامییه‌كانه.
*ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی تا چه‌ند رۆڵی به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوون و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌بێت؟
هه‌وڵه‌كانی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاتی دیاریكردنی ناوی كاندیدان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مجاره دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پره‌نسیپی دووفاقیی لایه‌نگیری نه‌هێشت، واته ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ منی یان له دژی منی؟ چونكه سه‌رۆك وه‌زیرانێك قبووڵ ناكه‌م گوێی راستی بۆ من و گوێی چه‌پیشی بۆ ئێران بێت، بۆیه بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و ئێران نییه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌مجاره ئیسلامییه‌كانیش یه‌ك بارسته نه‌ماون و هه‌ریه‌كه‌یان بۆ چه‌ند لایه‌نێك دابه‌ش بوونه و به‌و شێوه‌یه ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه و وه‌ك هه‌ڵبژاردنی پێشوو نه‌ماون، بگره لاواز بوونه بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش.
*له سایه‌ی دۆخی ئێسته‌ی ناله‌باری عێراق، داهاتووی وڵاته‌كه چۆن ده‌بینن، ئایا سه‌قامگیر ده‌بێت؟
پێ ناچێت سه‌قامگیربوونی عێراق نزیك بێت، چونكه پێویست به بوونی هێزێكی گه‌وره‌ی گۆڕانكاری ده‌كات كه ئیسلامییه‌كان و سیسته‌می به‌ش به‌شێنه نه‌یانهێشت یه‌ك بڕیارى نیشتمانی هه‌بێت، بۆیه گۆڕانكاری زۆر سه‌خته و دۆخی عێراق وه‌ك پێشوو به‌رده‌وام ده‌بێت، چینی سیاسیی عێراق له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێست رێككه‌وتنیان هه‌بووه ئه‌ویش ئه‌وه بوو هه‌موویان له دژی ریفراندۆمی كورد وه‌ستانه‌وه، جیا له‌و بابه‌ته له‌سه‌ر هیچی تر رێك نه‌كه‌وتوون و ناكۆكی به‌رده‌وام به‌سه‌ریاندا زاڵ ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی كورد بیر له ریفراندۆمێكی تر ده‌كاته‌وه، ئه‌وكات ره‌نگه دووباره یه‌ك بگرنه‌وه.
جیا له‌وه، رێكن له‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن له دزینی سامانی گشتی و بنیاتنانی سامانی تایبه‌تی خۆیان و تاڵانكردنی بودجه و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان گه‌یشتووه‌ته یه‌ده‌گی عێراق له زێڕ و دراوی بیانی و ئه‌و فه‌وزای گه‌نده‌ڵییه كه ئێسته هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه ئێمه چاوه‌ڕوانی شۆڕشێك یان سه‌ركردایه‌تییه‌كی توند و دادگای تایبه‌ت و سه‌ربازی ناكه‌ین، بۆیه هیچ بارسته‌یه‌كی سیاسی نییه كه بتوانێت خواستی گۆڕان و چاكسازی بسه‌پێنێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دابه‌شكراو و له سایه‌ی چینێكی سیاسی پیشه‌گه‌ر له دزی و تاڵانی و ساخته‌كاری.
*پێتان وایه رۆڵی كورد بۆ هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردن چی ده‌بێت؟
له دوای ریفراندۆم رۆڵی كورد زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت بۆ دوای هه‌ڵبژاردنیش، مه‌گه‌ر ئه‌یاد عه‌لاوی حكوومه‌تێكی لیبراڵ پێك بێنێت كه دۆزی كورد ئه‌وكات به ئاراسته‌یه‌كی باشتر جووڵه بكات، ئێسته دۆخێكی چوونه‌وه‌یه‌كی كورد و دابڕانێكی سه‌پێنراو به‌سه‌ر كوردستاندا هه‌یه به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه، كه‌چی ریفراندۆمی به‌سره بۆ به هه‌رێمكردنی پێش ئه‌وه‌ی كوردستان بوو و ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتوویش نه‌بوو، به‌ڵام هیچ له‌وه‌ی به‌سه‌ر كوردستان هات، به‌سه‌ر به‌سره نه‌هات، بۆچی كه‌س سزا نه‌درا له‌سه‌ر به‌سره و كه‌سیش باسی نه‌كرد؟، له‌وكاته‌ی به‌رده‌وام بوون له ناوزڕاندنی كورد.