وێنە.. مارێكی دوو سەر و دەگمەن لە كوردستان دۆزرایەوە

:: PM:02:56:01/05/2018 ‌
هاووڵاتییەكی گوندی "سەرگەلی"ی سەر بە شارەیێ دێرەلووك لە سنووری شارۆكەی ئامێدی مارێكی دوو سەر دەدۆزێتەوە و دەیكوژێت، سەرۆكی رێكخراوێكی ژینگەی لە دهۆك دەڵێت، ئەو مارە لە هەموو دنیادا بوونی نییە و دەگمەنە.

ئەمڕۆ سێشەم یەكی ئایار/ مایۆ، سەردار ڕەشید سەرگەلی ئەو هاووڵاتیەیە كە مارەكەی دۆزیوەتەوە و بە "وشە"ی گوت، خەریكی پاككردنەوەی بێستان بووە و لە گوندی سەرگەلی مارێكی سەیری بینیوە، بەڵام لە ترسی گیانی منداڵەكانی مارەكەی كوشتووە.

لای خۆیەوە د.سلێمان تەتەر بەرپرسی رێكخراوی پاراستنی مافی ئاژەڵان لە دهۆك بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە ناوی ئەو مارە نازانرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو مارە تا ئێستە لە هیچ ناوچەیەكی كوردستان بوونی نییە و لە هەموو دنیا دەگمەنە.

زیاتر گوتی، پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداری گیانداران بن و بزانن هەموو ئاژەڵ و باڵندەیەك مەترسیدار نییە.

گوندی سەرگەلی دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شارۆكەی ئامێدی بە دووری 10كم و نزیكەی 20 ماڵی تێدا نیشتەجێن و خەریكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات و چاندنی هەموو جورێكی كشتوكاڵن.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری







وشە - سه‌رخێڵ هاشم