زێدان: لە یارییەكەی دوێنێ ناخۆشترین دەردەسەریم بینی

:: AM:08:58:02/05/2018 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بە گەیشتنی تیپەكەی بۆ یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەربڕی دوای بڕینی بەربەستە قورسەكەیان بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مێوانداری یانەی بایرن میونشنی كرد و هەردوو یانەكەش بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسانبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی یانەی ریال مەدرید هەفتەی رابردوو لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بەفەرمی خۆی گەیاندە یاریی كۆتای خولەكە.

زێدان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكە راگەیاند: ئێستا كاتی ئەوەیە دڵخۆشبین دوای دووچاری ئەو دەردەسەرییە گەورەیە بووینەوە، ئێستا لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپاین، كەمێك پشوو وەردەگرین دواتر دووبارە دەست بە ئامادەكارییەكان دەكەینەوە.

زیاتر گوتی: یارییەكە بۆ من ناخۆشترین بوو لە ژیانی راهێنەرایەتیمدا، بەڵام لە تۆپی پێدا هیچ شتێك بەبێ دەردەسەری ئەنجام نادرێ و ئەگەریش بڕوات بە شتێكیش هەبێت بە دڵنیاییەوە ئەنجام دەدەیت. 

زێدان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك دەگاتە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، جەختی كردەوە كە یانەكەی ئەوەی دەوێت، هەروەها دەستخۆشی لە كایلۆ ناڤاسی گۆڵپارێزی تیپەكەی كرد كە 3 تا 4 گۆڵی تەواوی یانەكەی پاراست.

هەردوو گۆڵەكەی یانەی ریال مەدرید لەلایەن كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی تۆمار كرا، لەمبارەیەوە زێدان رایگەیاند: بەنزیما لە هەموو یارییەكدا شایستەی ئەوەیە گۆڵ تۆمار بكات، دڵخۆشم گەیشتە ئامانجەكەی كە ماوەیەكی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات ئەویش تۆماركردنی گۆڵە.

لە كۆتاییدا راهێنەری یانەی ریال مەدرید جەختی كردەوە لە یاریی كۆتاییدا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەدەن، جەختیشی كردەوە یانەكەی بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە هەرگیز سڵ ناكاتەوە و خۆی بەدەستەوە نادات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م