خانەی بەساڵاچووان خزمەتی ئەم هونەرمەندە دەكات

:: AM:09:48:02/05/2018 ‌
ماوەیەك بەر لە ئێستە راپۆرتێك لەبارەی دۆخی تەندروستی و ئابووریی ژمارەیەك هونەرمەندی دیاری سینەمای عەرەبی كە تەمەنیان هەڵكشاوە و "وشە"یش رۆشنایی خستەسەر. ئێستە پێگەی "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە كە خاتوونە ئەكتەری دیاری میسری ئامال فەرید، لە خانەی بەساڵاچوواندا خزمەت دەكرێ.

بەمدوایییە خاتوونە ئەكتەر ئامال فەرید لەناو بازاڕدا كەوتووە و حەوزی رانی شكاوە، بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە لە ژێر چارەسەر ماوەتەوە، دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە كە پێیوستیی چاودێریكردن هەیە و ئەویش كەسێكی نەبووە لە نزیكەوە چاودێریی بكات، بۆیە لە رێی سەندیكای ئەكتەرانەوە گواستراوەتەوە بۆ خانەی بەساڵاچووان.

پێشتر میدیاكان ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كە ژمارەیەك هونەرمەندی باڵا بەهۆی بەساڵاچوونی تەمەنەوە، دۆخی دارایییان باش نەبووە و لەلایەن سەندیكاكانی هونەرییەوە فەرامۆش كراون. بەڵام ئێستە سەندیكای ئەكتەرانی میسر، چاودێریی ئامال فەرید دەكات و پێشتریش خەرجیی چارەسەرییەكانی بۆ دابین كردبوو.

ئامال فەرید لە ساڵی 1938 لە عەباسییەی میسر لە دایك بووە و خاوەنی بڕوانامەی كۆلیجی ئاداب بەشی كۆمەڵناسییە. لە دەیان فیلمی سینەماییدا بەشداریی كردووە و بە یەكێك لە ئەكتەرە پێشەنگەكانی سینەمای عەرەبی دادەنرێت. لەگەڵ هونەرمەندان عەبدولحەلیم حافز، ئەنیس مەنسوور و چەندان ئەكتەری ناوداری ئەو قۆناغە نواندنی كردووە. لە كۆتای شەستەكاندا لە كاری هونەری دوور كەوتەوە، دواتر لە هەشتاكاندا لە دوو كاری هونەری بەشداری كردووە و بەیەكجاری لە هونەر دوور كەوتووەتەوە، لەگەڵیدا تا ئێستە وەك پێشەنگ تەماشا دەكرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د