سبەی لە كلاسیكۆ.. ریال مەدرید رێڕەوی شەڕەف بۆ بەرشەلۆنە ئەنجام دەدات
یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بیر لەوە دەكەنەوە لە بڕیارەكەیان پەشیمان ببنەوە و سبەی یەكشەم لە یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا رێڕەوی شەڕەف بۆ یاریزانانی یانەی برشەلۆنەی ركابەریان ئەنجام بدەن بە بۆنەی بردنەوەی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا.
سبەی یەكشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كلاسیكۆی زەوی و گەڕی 36ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بیر لەوە دەكەنەوە رێڕەوی شەڕەف بۆ یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام بدەن، ئەمە لە كاتێدابوو كە پێشتر زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەكە رەتی كردبووەوە ئەم كارە بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام بدات.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، یاریزانانی یانەی ریال مەدرید هەروەها بڕیاریانداوە رێڕەوی شەڕەفی تایبەت بۆ ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە وەك یەكێك لە ئەفسانەكانی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەنجام بدەن دوای ئەوەی رایگەیاندبوو لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ریزی یانەكەی جێدێڵێ.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو بەكۆكردنەوەی 86 خاڵ بەفەرمی ببووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دوای بردنەوەی لە یانەی دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا بە ئەنجامی 2-4 گۆڵ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم