جێگر ژنەكەی بۆ پیاوێكی تر جێ دەهێڵێ

:: PM:03:53:05/05/2018 ‌
سەناریا دانیشتووی هەولێرە و پیاوەكەی لە توركیا خەریكی كاری قاچاخچیەتیی بوو، نزیكەی سێ ساڵ جێی هێشتووە، بێ ئەوەی هیچ خەرجییەكی ژنەكە و دوو منداڵەكەی بكات، جیا لەوەیش ئەو پارەیەی دەستی كەوتووە لەگەڵ كچانی تر خەرجی كردووە و وێنەی ڤیدیۆی بۆ خێزانەكەی هاتووەتە ناردن، ئەویش لە تۆڵەی ئەمە پێوەندی لەگەڵ پیاوێكی تر بەستووە و خەرجییەكانیشی لەلایەن ئەو پیاوەوە دابین دەكرێ.

پیاوێكی قاچاخچی لە هەولێر ژن و دوو منداڵەكەی بۆ جاری سێیەم جێ دەهێڵێت، بەگوێرەی قسەی ژنەكەی بێت، لە توركیا هەر جارە و لە گەڵ كچێك دەمێنێتەوە ئەوەی لە كارەكەشی دەستی دەكەوێت بۆ ئەو كچانەی خەرج دەكات كە لەوێ دەیانناسێت، بۆیە ئەویش ناچار بووە لێرە لەگەڵ پیاوێك پێوەندی دروست بكات و خەرجی خۆی و دوو مندالەكەشی پێ دەربهێنێت.

سەناریا و جێگر ماوەی هەشت ساڵە هاوسەرگیرییان كردووە و خاوەنی دوو منداڵن، بۆ جاری سێیەمە جێگر خێزانەكەی جێ دە‌ێڵێت هەموو سەفەرێكیش زیاتر لە سالێك ماوەتەوە، سەناریا چەندان جار لەلایەن هاوڕێكانی هاوسەرەكەیەوە وێنە و گرتەی ڤیدۆیی بۆ نێردراوە كە لەگەڵ كچی تر بووە، هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی دۆخەكان بگۆڕێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.

ئەو ژنە چیرۆكی ناپاكی خۆیی هاوسەرەكەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێ، بە ئاشكرا دەمزانی كە هاوسەرەكەم چی دەكات، چەندان جار هەوڵی جۆراوجۆرم دا بۆ ئەوەی بیگەڕێنمەوە بۆ ناو خێزانەكەی بێ سوود بوو، بەرگەی سەرما و گەرما و برسیەتی و هەموو شتێكم گرت لەگەڵ دوو منداڵەكەم جاری وا هەبوو بە هەفتە نانێكی گەرممان نەخوارد، بەڵام لە كۆتادا بڕیارم دا وەك ئەو بكەم، چۆن ئەو سووكایەتی بە ژنایەتی من دەكات، منیش ئاوا سووكایەتی بە پیاوەتی ئەو دەكەم و لەگەڵ پیاوێك پێوەندیم هەیە و هەموو خەرجییەكم دابین دەكات، بۆ من و منداڵەكانیشم بووە بە پەرژین.

زیاتر گوتی، جاری یەكەم كە جێگر سەفەری كرد، ساڵ و نیوێك مایەوە، لەو ماوەیە سەرەتا خەرجی  بۆمان دەنارد، بەڵام دوای ماوەیەك ئەوەیش وەستا و هیچی بۆ نەدەناردین و ساختەچی دەرچوو، جارێك دەیگوت گیراوم و جارێكی تر بیانووی ئەوەی دەهێنایەوە كە ئەو كەسانەی بە قاچاخ ڕەوانەی ئەوروپایانی كردووە، دەرنەچوون و نەگەیشتوونەتە شوێنی خۆیان، كاتێكیش دوای ساڵ و نیوێك گەڕایەوە، مایەپووچ بووبوو و هیچی نەمابوو.

جێگر ماوەی دوو ساڵ لە كوردستان دەمێنێتەوە، دوای ئەو دوو ساڵە دوای چەندان شەڕی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ توركیا، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا دوو مانگ دەمێنێتەوە، چەند وەجبەیەكی هەیە و دەیاننێرێت و دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو دوو مانگە دەبێت بە ساڵێك و سێ مانگ دوای ئەوە دەگەڕێتەوە، لەو ماوەیەشدا سەناریا پێوەندیی لەگەڵ پیاوێك دادەنێت.

سەناریا باسی پێوندی خۆی لەگەڵ ئامانج دەكات و ئاماژەی دا، هۆكاری  دانانی پێوەندی لەگەڵ ئەودا تەنیا هاوسەرەكەی بووە، ژن قەت ناپاكی ناكات تا پیاو ناچاری نەكات، بەڵام كاتێك پیاو ناچارت دەكات، ئەوكات ئەوەی هەتە دەیبەخشی، زۆرجاریش كە دەزانی ئەو لە باوەشی ژنێكی تردایە، تۆش ئاسوودەیی وەردەگری كە لە باوەشی پیاوێكی تری وەك سووكایەتییەك بۆ پیاوەتی ئەو.

جاری دووەم كە جێگر دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، خێزانەكەی پێوەندی هەیە لەگەڵ پیاوێكی تردا، ئەو پێوەندییە هەر بەردەوام دەبێت بەڵام بەجۆرێكی تر، كەمتر یەكتری دەبینن، سەناریا  نایشارێتەوە كە لە پێوەندییەكەیاندا هەموو شتێك ڕووی داوە، بەڵام كاتێك هاوسەرەكی لە هەولێر بووە نەیانتوانیوە، بەڵام پێوەندییان هەر بەردەوام بووە.

 سەناریا دەڵێ، جێگریش هەستی بەوە كردووە كە پێوەندیم لەگەڵ پیاوێكی تر هەیە، بەڵام بێدەنگی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی ڕێی بۆ خۆش بێ و كەس ڕێگری لێ نەكات، تا بە ویستی خۆی سەفەر بكات، هەرچەندە ویستوومە لێشی جیا ببمەوە، بەڵام ماڵی باوكی جێگر و ماڵەوەی منیش بەو كارە ڕازی نەبوون، بۆیە منیش بەردەوامم لە پێوەندییەكەم و ئەویش بۆ خۆی خەریكی گەشت و سەفەرە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د