وەزارەتی دارایی خشتەیەكی تری دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:09:08/05/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی تری دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئایار/ مایۆ، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە ڕۆژی 12ی ئایار بەڕێوە دەچێت، وەزارەتی دارایی لیستێكی نوێی مووچە رادەگەیەنێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری زیاتر گوتی، لیستەكە پێكدێت لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و هەموو هێزە تەناهییەكان و ئەو وەزارەت و شوێنانەی كە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە تا كۆتای ئەم هەفتەیە خشتەی دابەشكردنی مووچەی ژمارەیەكی زۆر لە وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنرێت.

بەپێی ئەو داهاتانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێتە دەستی، بڕیارە مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

هاوكات دوو مانگە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی كەم كە 10% تا 30 دەست پێ‌ دەكات لە پاشەكەوتەكانیان مووچە وەردەگرن و بەپێی قسەی سەرۆكی حكوومەت ئەگەر دۆخی ئابووری باشتر بێت، ئەوە پاشەكەوتی مووچە هەڵدەگیرێت.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم