شەڕە تەقە لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ڕووی دا

:: PM:08:56:12/05/2018 ‌
دوای داخستنی سندوقەكانی دەنگدان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان هێرش دەكرێتە سەر بنكەیەكی دەنگدان و سندووقەكان دەڕفێندرێت بەو هۆیەشەوە شەڕە تەقە لەنێوان چەند كەسێكی یەكێتی و گۆڕان ڕوودەدات.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی ئایار، ڕائیدی عەلی جەمال قدو، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەك لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆكەی كەلار سندووقەكانی ناوەندێكیان بردووە و داوادەكەن بە شێوە دەستی دەنگەكان جیابكرێتەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، ئێستە هێزەكانی پۆلیسی گەرمیان سەرقاڵی بەدەستهێنانەوەی ئەو سندووقانەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

هاوكات بەهۆی ئەو كێشەیەوە شەڕە تەقە لەنێوان گۆڕان و یەكێتی ڕووی داوە.

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بەشداری 24.5 ملیۆن دەنگدەر لە كۆی 38 ملیۆنی دانیشتووانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی بڕی 3.5 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، لە دەرەوە و دەنگدانی تایبەتی هێزە تەناهییەكان، ئەوانەی ماون ئەمڕۆ شەموو دەنگیاندا، كۆی كاندیدان بریتیی بوون لە شەش هەزار و 990 كاندید لە نێویان دا دوو هەزار و 11 كاندیدی ئافرەت بوونیان هەبوو، لە سەرانسەری عێراق هەشت هەزار و 959 بنكەی دەنگدان كرانەوە و بەگشتی 87 هاوپەیمانی و قەوارەی سەرەكی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە و كێبەركێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمان دەكەن، كە لە نێویان دا نۆ كورسی كۆتاكانە بۆ پێكهاتەی مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك و فەیلین.



وشە - رامیار جەواد