گۆڕانخوازان لە ترسی یەكێتی لە توالێت خۆیان شاردووەتەوە

:: PM:01:49:13/05/2018 ‌

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەردەكەوێ، كارمەندانی گردی زەرگەتە و گۆڕانخوازان شەوی ڕابردوو لەو كاتەی هێزەكەی یەكێتی گوللەبارانی ئاسمانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەیانی كرد، لە توالێتەكانی گردی زەرگەتە خۆیان شاردووەتەوە و بە تەواوی ترساون.

وەك لە گرتە ڤیدیۆكە دەردەكەوێ، كادرانی گۆڕان لەناو گردەكە دەڵێن، خەتای ئەوان نییە، هەمووی خەتای سەركردەكانی ئێمەیە، ئەوەیە گۆڕان كە ئێمە شانازیمان پێوە دەكرد، لە 25ی حەوت لێمان قبووڵ كردن، ئێستەیش ئاوا دەكەن.

لە دیمەنەكانی گرتە ڤیدیۆیەكە دەردەكەوێ، كچ و كوڕانی ناو گردی زەرگەتە كە كارمەندی بزووتنەوەی گۆڕانن و لە گردەكە دەوام دەكەن، لە توالێت و شوێنە بەرتەسكەكان لەسەر زەوی دانیشتوون و لە ترسی بەركەوتنی گولـەی هێزەكەی یەكێتی خۆیان حەشارداوە.

شەوی ڕابردوو هێزێكی یەكێتی بە چەكی قورس پەلاماری گردی زەرگەتەیان دا كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكەی تێدایە، بەهۆی هێرشەكەوە گۆڕان داوای لە حكوومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و بەریتانیا كرد بێنە سەرخەت، هاوكات داوایان لە خەڵكی سلێمانی كرد، گۆڕی نەوشیروان مستەفا و گردی زەرگەتە بپارێزن.

هۆی ئەو گرژییەی لە سلێمانی لە ئێوارەی دوێنێ شەمووەوە دروست بووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەریەك لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و پارتی و هاوپەیمانی و حزبەكانی تری ئەنجامی هەڵبژاردنی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانیان ڕەت كردەوە، بەهۆی ساختەكاری زۆری یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا.





وشە - باز ئه‌حمه‌د