هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیا ده‌هۆڵژه‌نینى ره‌مه‌زان باوى نه‌ماوه، به‌ڵام زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگاى مسوڵمانان، ده‌هۆڵژه‌نینى ره‌مه‌زان وه‌ك پیشه‌یه‌كى كولتوورى ده‌پارێزن.
به‌هۆى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیا و هۆكاره‌كانى ئاگاداركردنه‌وه وه‌ك زه‌نگى مۆبایل و ده‌یان ئامرازى تر، ده‌هۆڵژه‌نین له مانگى ره‌مه‌زان هیچ رۆڵێكى نه‌ماوه، به‌ڵام له زۆربه‌ى كۆمه‌ڵگا مسوڵمانه‌كان، وه‌ك پیشه‌یه‌كى كولتوورى ماوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك وڵات له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه پاڵپشتى ده‌كرێن.
ده‌هۆڵَژه‌نین له ره‌مه‌زان بریتییه له‌وه‌ى كه كه‌سێك ده‌هۆڵێكى لایه، خه‌ڵك له كاتى پارشێو ئاگادار ده‌كاته‌وه. ئه‌مه ئامانجى سه‌ره‌كى پیشه‌كه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به نه‌ریتێكى تایبه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت، له هه‌ندێك شوێن به ده‌ف و هه‌ندێك به ته‌پڵ و زوڕنا، له هه‌ندێكى تریش به ده‌هۆڵێكى گه‌وره ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌ر ده‌هۆڵژه‌نێك ناوچه‌یه‌ك و چه‌ند كۆڵانێك بۆ خۆى ته‌رخان ده‌كات، له دوایین رۆژى ره‌مه‌زانیش به ماڵه‌كانى ناوچه‌كه‌ى خۆى دادێت و پاره و به‌خشیشه‌كانى كۆ ده‌كاته‌وه.
له وڵاتانى عێراق و توركیا و فه‌له‌ستین و سووریا و ئوردن و لبنان و میسر و مه‌غریب، تا ئێسته ئه‌و پیشه‌یه ماوه و مانه‌وه‌شى به‌نده به‌وه‌ى كه له لایه‌ن حكوومه‌ت و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌كان وه‌ك پیشه‌یه‌كى كولتوورى پشگیریى ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت له توركیا ده‌هۆڵژه‌نه‌كان رێكخراوى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه.
له كوردستانیش به‌هۆى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م دیارده‌یه مابوو، به‌ڵام به‌هۆى كورتبوونى ماوه‌ى شه‌و و نه‌ریتى نه‌خه‌وتن له مانگى ره‌مه‌زان تا پارشێو له‌لاى مسوڵمانانى كوردستان، ته‌واو پیشه‌كه‌ى له‌ناو بردووه.
بۆیه‌كه‌م جار له مێژووى ئیسلام بیلال بن ره‌باح ناسراو به بیلالى حه‌به‌شى و كوڕى ئوم كولسوم له سه‌حابه‌كانى پێغه‌مبه‌ر، كارى ئاگاداركردنه‌وه‌ى مسوڵمانانیان بۆ پارشێو كردووه.