پلانی یەكەمی ریال مەدرید بەرامبەر لێڤەرپوول چی دەبێت؟

:: AM:11:55:17/05/2018 ‌

راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلانی یەكەمی یانەكەی بۆ یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی داڕشتووە كە بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە لە شاری كییفی پایەتەختی ئۆكڕانیا بێتە ئەنجامدان.

ماڵپەڕی (دیڤنسا سەنترال)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید پلانی یەكەم و سەرەكی یارییەكەی بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول داڕشتووە ئەویش راگرتنی جموجۆڵەكانی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و هێرشبەری یانەی لێڤەرپوولە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: زێدان بە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید راگەیاندووە پلانی سەرەكیان برێتی دەبێت لە راگرتنی جموجۆڵەكانی محەمەد سەڵاح كە لەم وەرزەدا ركابەری لیۆنێل میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەكات لە رووی ئاست و تۆماركردنی گۆڵەوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە: زێدان بە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست و بەرگری تیپەكەی راگەیاندووە دەبێت هەموو هەوڵێك بدەن هێرشە مەترسیدارەكانی یانەی لێڤەرپوول رابگرن كە سەڵاح و فێرمینۆ و سایدۆ مانی ئەنجامی دەدەن.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: راهێنەری یانەی ریال مەدرید تووشی سەر لێ شێواوی بووە بۆ ئەوەی لە 5 یاریزانی تیپەكەیدا لە هێڵی هێرشبەر بۆ یارییەكەی بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول كامەیان هەڵبژێرێ.

پێنج یاریزانەكەش برێتین لە ئیسكۆ، ئەسینسیۆ، گاریس بێڵ، كەریم بەنزیما و لوكاس ڤاسكێز.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە: زێدان بیر لەوە دەكاتەوە بۆ یارییەكە پشت بەو هێرشبەرانە ببەستێ كە زیاتر مەیلی بەرگرییان هەیە و زۆرتر و خێراتر دەگەڕێنەوە هێڵی ناوەڕاست و بەرگری تا سنوورێك بۆ هێرشە مەترسیدارەكانی هەرسێ ئەستێرەی یانەی لێڤەرپوول محەمەد سەڵاح و سەیدۆ مانی و رۆبێرتۆ فێرمینۆ دابنێ.

لە كۆتاییدا رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات زێدان ترسێكی زۆری لە هەرسێ هێرشبەرەكەی یانەی لێڤەرپوول هەیە بۆیە دەیەوێ هێڵی ناوەڕاست و بەرگری بەهێز و تۆكمە بكات و پشت بە هێرشی پێچەوانە و خێرا ببەستێ.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م