ئێران لە سەدر دەترسێ و هێرشی دەكاتەسەر

:: PM:02:31:17/05/2018 ‌

رۆژنامەی "جەوان" كە رۆژنامەیەكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر و دامەزرێنەری هاوپەیمانی سائیروون كە زۆرترین كورسییەكانی ئەم هەڵبژاردنەی بردووەتەوە  بە مەحموود ئەحمەدینەژاد دەشوبهێنێت و دەڵێت هەردووكیان دەیانەوێت خەڵك فریو بدەن. بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەكە سەرەتا پێوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراقی بە كورتی هەڵسەنگاندووە و دواتر لێكدانەوەیەكی دەروونی بۆ كەسایەتی موقتەدا سەدر كردووە و بە كەسایەتییەكی ئاڵۆزی هەژمار دەكات.

نووسەر ئاماژەی داوە، پێوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرووی ئەو پێوەندییانەن لە ئاستی نێودەوڵەتی باس دەكرێن، ئەوەی شیعەی عێراق و شیعەی ئێرانی بە یەكتر گرێ داوە، تەنیا پێوەندییەكی سیاسی یان دیپلۆماسی نییە، بەڵكو ئەوانە هەردووكیان لە رێی "ئیمام حوسێن" لە یەكتر گرێ دراون.

مەبەستی نووسەرەكە لەو پێشەكییە ئەوەیە هیچ كەسایەتییەك لەناوخۆی عێراق ناتوانێت لە هەژموونی ئێران كەم بكاتەوە و رێگری لەوە بكات ئێران دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا نەكات. لەوانەیە نووسەر دوای ئەوە گڕی گرتبێت كە لایەنگرانی سەدر لە بەغدا رژانە سەر شەقامەكان و دروشمیان لە دژی ئێران دا و داوایان لە ئێران كرد واز لە عێراق بهێنێت. دوای ئەم رووداوە كەسە دیارەكانی سەدریش بە ئاشكرا گوتیان دەیانەوێت رێگری لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراقدا بكەن، ئاخر ئێران دەستێوەردانی لە هەر وڵاتێكدا كردبێت، ئەوا كاول و وێرانی كردووە و خەڵكەكەی خۆشیان لە خۆیان نەبینیوە. ئەوەتا لە سووریا هەر بە هۆی ئێران سەرووی 300 هەزار كەس كوژراون و بە ملیۆنان كەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و بە نیو سەدەی تریش لەوانەیە دۆخی سووریا وەك پێشووی لێ نەیەتەوە.

موقتەدا سەدر بەهۆی ئەو هەڵویستانەی لە چەند رۆژی رابردوو دەریبڕیون جێی رەزامەندی تاران نییە، بۆیە میدیاكانی ئێران دەیانەوێت لە نرخی موقتەدا سەدر كەم بكەنەوە و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكەن. لەم لایەش قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی چەند رۆژە لە بەغدایە و لەم شار بۆ ئەو شار هاتوچۆیەتی و لە دوای هەڵبژاردنەوە خەوی بە چاوان نەكەوتووە.

دكتۆر عەبدوڵا گەنجی بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەكە باس لە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان سەدر و ئەحمەدینەنەژاد دەكات و دەڵێت كاتی خۆی ئەحمەدینەژاد بە قسەی بریقەدار خەڵكی فریو دا و سیاسەتی پۆپۆلیستییانەی گرتە بەر بۆ ئەوەی خەڵك لە دەوری كۆ ببنەوە، ئێستەش موقتەدا سەدر هەمان سیاسەتی گرتووەتە بەر. هەروەها نووسیویەتی موقتەدا سەدر نە دژی ئێرانە نە هیچ دوژمنایەتییەكیشی لەگەڵ ئێراندا هەیە و تەنیا مەبەستی ئەوەیە لە عێراق و دەرەوەش ببینرێت و دانی پێدا بنرێت، ئاخر ئەو گەنجە و خەونی هەیە.

ئەو پێی وایە موقتەدا سەدر لووتكەی  توندڕەوییە و كەسایەتییەكی دیاریكراوی نییە. جارێك وەك مەلایەكی توندڕەو دەردەكەوێت، جارێكی تر وەك نیشتیمانپەروەرێك خۆی دەردەخات و لە لایەكی تریش بەجلكی پێغەمبەر لە شیوعییەكان نزیك دەكەوێتەوە. ماوەیەك لە قوم دەمێنێتەوە، بەڵام لەپڕ لە سعوودیە سەر دەردەهێنێت. لە لایەك خۆی بە دژەئەمەریكی دەناسێنێت كەچی هەموو ئەو لایەن و جیهادییانەش رەت دەكاتەوە كە لە عێراق دژی ئەمەریكان و داوای دەركردنی ئەمەریكییەكان دەكەن.

نووسەر پێی سەیرە موقتەدا سەدر لە لایەك وەك نیشتمانپەروەرێكی عێراقی خۆی پێشان دەدات و لە لایەكی تر دەستی مەرجەعە شیعەكانی قوم ماچ دەكات.

لە بەشێكی تری وتارەكەدا هاتووە موقتەدا سەدر لە شارۆكەی سەدر نمایشی سەربازیی بەڕێوە دەبرد لەو كاتەی كە حكوومەتی عێراق لە دژی چەكدارانی داعش دەجەنگا و مەترسییەكی گەورە لەسەر وڵات هەبوو، موقتەدا سەدر لە جیاتی ئەوەی بەرانبەر بە داعش بوەستێت لە بەغدا دژی حكوومەتی عێراق وەستا.

دواتر گلەیی دەكات و دەڵێت لەوانەیە هەندێك لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر هاتبنە پاڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی و دژی داعش جەنگابن، بەڵام هیچ كاتێك وەك دامەزراوەیەكی سەربازی "سەرایاسەلامی ئێستە و سوپای مەهدی رابردوو" دژی داعش نەجەنگان.

نووسەر لای سەیرە موقتەدا سەدر وەك رزگاركەری عێراق هاتووەتە مەیدان، كەچی بە تەنیایی هیچ كاتێك ناتوانێت حكوومەت پێكبهێنێت. 

لە كۆتای وتارەكەدا نووسەر شووتی دەخاتە بن هەنگڵی موقتەدا سەدر و تۆزێك تیڕوانینەكەی نەرم دەكاتەوە و دەڵێت كاتێك موقتەدا سەدر چووە لای محەمەد سەلمان پاشای سعوودیە نابێت وای لێك بدەینەوە ئیتر ئەو كابرایە بوو بە پیاوی سعوودیە، بەڵكو موقتەدا سەدر دەیەوێت خۆی وەك كارەكتەرێكی سەربەخۆ بناسێنێت و بڵێت من لە دەرەوەی پڕۆژەی سعوودیە و ئێرانم و دەمەوێت لە عێراق حكوومەتێكی تەكنۆكرات بنیات بنێم كە لە رێگەی ئەو حكوومەتەوە گەندەڵی لەناو بەرم و ژیانێكی خۆش بۆ خەڵكی عێراق دابین بكەم.




وشە - سلێمان تاشان