نرخی مریشك لە هەولێر كەم دەكرێتەوە

:: PM:03:32:17/05/2018 ‌
قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕای گەیاند، لەگەڵ چاودێری بازرگانی و تەواوی دامەزراوەكانی تری پێوەندیدار تاوتوێی دابەزاندنی نرخی مریشكی زیندوو دەكەن.

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان و ناردنە دەرەوەی بۆ شارەكانی تری عێراق، نرخی مریشكی زیندوو لە ماوەی هەفتەیەكدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە كە بۆ هەر كیلۆیەك زیاتر لە دوو هەزار دیناری هاتووەتە سەر نرخەكەی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئایار/ مایۆ، نەبەز عەبدولحمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندووین، بەڵام ئەوە تەنیا پێوەندی بە هەولێرەوە نییە و لە تەواوی شارەكانی تری كوردستان نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە لەگەڵ چاودێری بازرگانی و دەزگاكانی تری تایبەتمەند لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ڕێوشوێنەكانی دابەزاندنی نرخی مریشكی زیندوو تاوتوێ‌ بكەن.

قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕوونی كردەوە كە تا ئێستە بڕیار نەدراوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنە كۆتای گفتوگۆكان بڕیار دەدەین هاوردەی مریشكی بەستوو زیاتر بكرێت و هەوڵیش دەدەین ڕێ بگرین كە كێلگەكان مریشك هاوردەی دەرەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.

مریشكی زیندوو بەیەكێك لە خواردنە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان دادەنرێ، بەڵام گرانبوونی نرخەكەی نیگەرانی لێ‌ كەوتووەتەوە، ئەوە لەكاتێكدا كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر نرخی یەك كیلۆ گۆشتی مریشكی زیندوو دابەزی بۆ هەزار دینار.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم