كڕینی سیسته‌می دژه مووشه‌كی ئێس 400 ی ڕووسی له‌لایه‌ن توركیاوه، پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌نكه‌ره و واشنتن بۆ خراپترین ئاست ده‌بات و ئێسته كۆنگرێسمانان خه‌ریكی ده‌رچوواندنی یاسای قه‌ده‌غه‌ی فرۆشتنی چه‌كی ئه‌مه‌ریكین به توركیا و ده‌یانه‌وێ گرێبه‌ستێكی توركیا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای لۆكهید مارتن بوه‌ستێنن، ورده‌كاری گرێبه‌سته‌كه بریتییه له پێدانی 100 فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئێف 35 به توركیا.
ڕاپۆرتێك له پێگه‌ی
al-monitorی ئه‌مه‌ریكی بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی داوه، دوای چه‌ند مانگێك له دواخستنی بڕیاری حكوومه‌تی تره‌مپ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ك به توركیا، ئێسته ئه‌م بڕیاره له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆنگرێسمانانی ئه‌مه‌ریكادایه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو، كۆنگرێسمانان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه یاسایه‌كیان بۆ به‌رگریكردن پێشكه‌ش به كۆنگرێس كرد، تێیدا ئاما به قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ك به حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره و ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی ناتۆ دراوه، دوای ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وت توركیا سیسته‌می مووشه‌كی ڕووسی جۆری S-400ی كڕیوه.
كۆنگرێسمانان به‌مه‌ش نه‌وه‌ستاون و هه‌ندێك له سیناتۆره‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوای سزادانی به‌رپرسانی حكوومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن به‌تۆمه‌تی گرتن و دادگاییكردنی قه‌شه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا له ئیستانبوڵ، هاوكات كاردانه‌وه‌ی توندی حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره به‌رانبه‌ر ئیسرائیل به ده‌ركردنی كونسوڵ و باڵوێزه‌كه‌ی وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ كوژراوانی غه‌زه له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، كاریگه‌ری بۆ سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا هه‌بوو و زیاتر ئاڵۆزی كه‌وتووه‌ته نێوانیان.
جێن شاهین ئه‌ندامی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری سه‌ربازی و لیژنه‌ی یارمه‌تییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه بۆ سه‌رنجڕاكێشانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه.
له 11ی ئایاردا، به‌رپرسانی هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بڕیارێكیان بۆ بلۆككردن و قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ندان كه‌ره‌سته‌ی به‌رگری سه‌ربازی بۆ حكوومه‌تی توركیا ڕاگه‌یاند، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، پێویسته دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كۆتای له‌سه‌ر پێوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی نێوان ئه‌نكه‌ره و واشنتن بدات و ماوه‌ی 60 ڕۆژیان پێ ده‌دات، بۆ واژووكردن له‌سه‌ر بڕیاره‌كه و خستنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و وه‌ك یاسایه‌كی فه‌رمی كاری پێ ده‌كرێت.
به‌رپرسێكی كۆشكی سپی له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌م بڕیاره هه‌موو شتێك خاو ده‌كاته‌وه كه بۆ توركیا بچێت، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی كۆنگرێس نیگه‌رانن له‌وه‌ی توركیا سیسته‌می دژه مووشه‌كی S-400 له توركیا ده‌كڕێ.
له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ڕابردوو، حكوومه‌تی توركیا ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ڕووسیا واژوو كرد بۆ كڕینی سیسته‌می دژه مووشه‌كی پێشكه‌وتووی ڕووسی كه ئه‌مه‌یش بووه هۆی مه‌ترسی بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تری ئه‌ندام له ناتۆ، هاوكات حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره ڕای گه‌یاند كه له مانگی تهمووز/یۆلیۆی ساڵی 2019 مووشه‌كه‌كانی پێ ده‌گات.
له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، مه‌ولوود چاوش‌ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له كۆنفراسێكی ئه‌م مانگه‌دا ترسی حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌ی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ك به توركیا به مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای ڕا گه‌یاندووه.
چاوش‌ئۆغڵو له لێدوانێكدا ڕای گه‌یاند، ناچار نین بڕیارێك قبووڵ بكه‌م كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تێكی تره‌وه دراوه، هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌پاندنی سزا و قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ك به توركیا نایاسایییه و كارێكی هه‌ڵه‌یه.
ئه‌مه‌یش له دوای ئه‌وه دێت كه ساڵی پار كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بڕیاریان دا به ده‌ركردنی پڕۆژه یاسایه‌ك بۆ سزادانی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه بازرگانی و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ڕووسیا ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه كۆمپانیای ئه‌ڵماز ئهنتییه كه تایبه‌ته به دروستكردنی مووشه‌كی S-400 و سزادانی توركیایه به كڕینی ئه‌م سیسته‌مه مووشه‌كه، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی واشنتن و حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی چه‌كه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆنگرێس داوای ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی هه‌موو كرده‌وه و چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی توركیا كردووه له ناوچه‌ی ئینكریلیك كه به‌شێك بووه له هه‌ڵمه‌تی هێرشه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر تیرۆریستانی داعش له عێراق و سووریا. جین شاهین له‌وباره‌وه ڕای گه‌یاند، هیوادارم به چاره‌سه‌رێكی گونجاو هاوئاهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان به‌رله‌وه‌ی كاره‌كه ببێته داواكردن و ناچاركردن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له ناوچه‌ی ئینكریلیك بمێنێته‌وه، به‌ڵام زیاتر ئه‌وه‌ی لاپهسهندتره كه فرۆشتنی فڕۆكه‌ی جه‌نگی F-35 به توركیا قه‌ده‌غه بكات، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه توركیا ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئێف 35 "لوكهێد مارتن"ی ئه‌مه‌ریكی كردووه، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه كۆمپانیاكه بڕی 100 فڕۆكه‌ی جه‌نگیF-35 به توركیا ده‌فرۆشێت.
ئێسته شاهین و چه‌ندان به‌رپرس و ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چه‌ك به حكوومه‌تی ئه‌نكه‌ره له هه‌فته‌ی داهاتوودا.
به‌رپرسێكی كۆنگرێس له‌كاتی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه یاساكه ڕای گه‌یاند، به‌داخه‌وه بڕیاره ستراتیجییه‌كانی توركیا ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات حكوومه‌تی واشنتن ڕێكاری خۆی بگرێته به‌ر و ڕێ به‌م كارانه نه‌دات، هاوكات نزیكبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و توركیا، ئه‌ردۆغان له گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی دوور ده‌خاته‌وه.