وێنەی ئەو ژنەی لە هەولێر تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزرایەوە

:: PM:10:02:17/05/2018 ‌
پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند، ئەمڕۆ ئێوارە تەرمی ژنێك لە نێوان – هەولێر و بێستانە دۆزراوەتەوە كە گولەیەك نراوە بە نێوچاوانییەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئایار/ مایۆ، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێوان هەولێر- بێستانە تەرمی ژنێك دۆزراوەتەوە كە گولەیەك نراوە بە نێو چاوانییەوەو كوژراوە.

زیاتر گوتی، تەرمی ژنەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری هەولێر كراوە و تاوەكو ئێستەش ناسنامەكەی دیار نییە.

بەپێی لێدوانی گوتەبێژەكەی پۆلیس، تەمەنی ژنەكە لەنێوان 20 ساڵ بۆ 25 ساڵ دابێت و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ئەمساڵ ڕێژەی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە كە بەبڕوای توێژەرانی كۆمەڵایەتی جگە لە رووداوە كۆمەڵایەتییەكان تەنگژەی دارایی رۆڵی سەرەكی لەبەرزبوونەوەی ڕووداوەكاندا هەیە.








وشە - سه‌رخێڵ هاشم