فێستیڤاڵێكی سینەمایی بەناوی نادیە لوتفی دەكرێت

:: AM:09:57:19/05/2018 ‌

بڕیارە لە مانگی ئابدا فێستیڤاڵی ئەسكەندەرییە لە میسر لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت. لیژنەی ئامادەكردنی فێستیڤاڵ لە ئێستەوە بڕیاریان داوە خولی ئەمساڵ بەناوی خاتوونە ئەكتەری ناودار نادیە لوتفی بێت.

پێگەی "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە كە بەو بۆنەیەوە شاندێكی فێستیڤاڵ سەردانی ئەو هونەرمەندەیان لە نەخۆشخانە كردووە. ماوەی دوو ساڵە نادیە لوتفی دۆخی تەندروستیی تێكچووە و ئێستە لە قاهیرە لە نەخۆشخانە كەوتووە و چارەسەر وەردەگرێ.

پێگەكە روونی كردووەتەوە كە لەو سەردانەی شاندەكە بۆ لای لوتفی، داوایان لێ كردووە خۆی سێ لە فیلمەكانی هەڵبژێری تا لە فێستیڤاڵەكەدا پێشان بدرێن. بۆیە ئەو خاتوونە فیلمەكانی "السمان والخریف"، "قصر الشوق"، و"قاع المدینە" هەڵبژاردووە.

دواتریش لیژنەكە رایان گەیاندووە لەكاتی كردنەوەی فێستیڤاڵە، رەنگە نادیە لوتفی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە. ئەگەر دۆخی تەندروستی باش نەبێت و نەیتوانی ئامادە بێت، یەكێك لە خێزانەكەی خەڵاتەكە وەردەگرێت.

فێستیڤاڵی سینەمایی ئەسكەندەریە ساڵانە لە مانگی ئابدا بەڕێوە دەچێت كە تێیدا دەیان فیلمی عەرەبی و بیانی پێشان دەدرێن. لە 1979وە ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن كۆمەڵەی میسری بۆ نووسەر و رەخنەگرانی بواری هاتووەتە كایەوە. بۆ ئەمساڵیش خولی 34مینی بەڕێوە دەچێت.
ناوی راستینەی نادیە لوتفی كە ناوی هونەریەتی "بولا محەمەد مستەفا شەفیق"ە و لە ساڵی 1937 لە قاهیرە لە دایك بووە. ئەو بۆ قۆناغەكەی خۆی لە ناوەندی هونەریدا بە جوانترین و بوێرترین خاتوونە ئەكتەر دەناسرایەوە. لە قوتابخانەی ئەڵمانی لە 1955 بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. دەرهێنەری ناودار رەمسیس نەجیب بۆ یەكەم جار بەهرەكانی نادیەی ئاشكرا كردووە و دەرگەی سینەمای بۆ كردووەتەوە و هەر ئەویش ناوی هونەریی "نادیە لوتفی"ی بۆ هەڵبژاردووە. خاوەنی دەیان فیلمی سینەمایی و دراما و كاری شانۆیییە و لەگەڵ زۆربەی ئەستێرەكانی سەردەمی خۆی رۆڵی بینیوە.
سەرچاوە/ئیلاف





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د