وەزارەتی ئەوقاف: ئەو قوتابییانەی تاقیكردنەوەیان هەیە بۆیان هەیە بەرۆژوو نەبن

:: PM:03:30:19/05/2018 ‌

 
بەپشتبەستن بەفتوای لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكا ئەو قوتابییانەی تاقیكردنەوەیان هەیە دەتوانن بەرۆژو نەبن.
 
ئەمڕۆ شەموو 19ی ئایاری 2018، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای گەیاند، لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان بەپێی فتوای ژمارە پێنجی ساڵی 2018ی هەرێمی كوردستان، فتوای داوە ئەو قوتابییانەی توانای ئەوەیان نییە بەڕۆژوو بن، دەتوانن بەڕۆژوو نەبن.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەو فتوایە دروستە و شەرعییە و وەڵامە بۆ ئەو قوتابییانەی كاتی تاقیكردنەوەیان دەكەوێتە ئەم مانگەوە.
 
 ئەگەرچی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان لە سنووری هەولێر و دهۆك كۆتای هاتووە، بەڵام لە سنووری سلێمانی و گەرمیان تا رۆژی 23ی ئەم مانگە، تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان بەردەوامن، بەڵام تاقیكردنەوەی بەكالۆری هەموو كوردستان پێكەوە دەبێت.
 
دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بۆ "وشە" روونی كردەوە، نزیكەی 80 هەزار قوتابی پۆلە ناكۆتاكان لە سنووری گەرمیان لە تاقیكردنەوەدان، هۆكاری پاشخستنیشی لەگەڵ ناوچەكانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە گەرمیان و سلێمانی بایكۆت پرۆسەی خوێندنی پاش خست.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سلێمان تاشان