له‌م وڵاته‌ یه‌كه‌م ڕۆژووگرتنی منداڵ‌ یادێكی مه‌زنی بۆ ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:04:38:19/05/2018 ‌

له‌ ناوچه‌یه‌كی جه‌زائیر، كاتێك هه‌ر منداڵێك بۆ یه‌كه‌مجار به‌ڕۆژوو ده‌بێت، له‌ لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ڕێز له‌ ڕۆژووه‌كه‌ی ده‌گیرێت و ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ی بۆ ساز ده‌كه‌ن.

خێزانی ئه‌مازیغییه‌كان كه‌ دانیشتووی ناوچه‌ خێڵه‌كییه‌كانی جه‌زائیرن، ڕۆژووگرتنی یه‌كه‌مجاری منداڵه‌كانیان به‌ ڕووداوێكی زۆر مه‌زن و پیرۆز داده‌نێن، بۆیه‌ له‌ كاتی یه‌كه‌م ڕۆژووی ته‌مه‌نیدا، ته‌واوی خزم و ناسیاوه‌كانیان بانگ ده‌كه‌ن و به‌ربانگ به‌ ڕازاوه‌ترین و جوانترین شێوه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

كاتێك منداڵه‌كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بێت، باوك ده‌بێت بیباته‌ بازاڕ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ دابین بكات كه‌ حه‌زی لێیه‌تی له‌ به‌ربانگدا بیخوات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند خواردنێكی كولتووری هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ده‌بێت له‌ به‌ربانگه‌كه‌یاندا هه‌بێت و چه‌ندان جۆری جیاواز خوانی ڕازاوه‌ بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌یان ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

دوای نانخواردن و به‌ربانگكردنه‌وه‌ش، پیاوان منداڵه‌كه‌ له‌ به‌رزایی سه‌ربانی ماڵه‌كه‌ داده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن ئه‌م منداڵه‌ قۆناغی منداڵی تێپه‌ڕاندووه‌ و ده‌ستی كردووه‌ به‌ پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلام.

ژنه‌كانیش هه‌موو كۆ ده‌بنه‌وه‌ و دیاری جۆراوجۆر بۆ منداڵه‌كه‌ ده‌هێنن، هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ پێی نزیكی و ناسینی منداڵه‌كه‌، باسێكی تایبه‌تمه‌ندی و زیره‌كی منداڵه‌كه‌ ده‌كات و ڕێزی لێ ده‌گرن، ئاهه‌نگه‌كه‌شیان تا دره‌نگانێكی زۆری شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت.

یادكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ڕۆژووی منداڵه‌كه‌ش مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌مان ڕۆژدا بێت، خێزانی منداڵه‌كه‌ به‌ پێی توانا و كاتی گونجاوی خۆیان ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، زۆربه‌ی خێزانه‌كانیش حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ شه‌وی 27ی ڕه‌مه‌زاندا بیكه‌ن، تا پیرۆزی شه‌وه‌كه‌ ببێته‌ دوو خۆشی بۆیان.

سه‌رچاوه‌_ سكای نیوز


وشە - ڕێناس شابان