جینا هاسبل یەكەم ژنی بەرپرسی CIA چی لە بارەیەوە دەزانی؟

:: PM:05:10:19/05/2018 ‌


لە بەردەوامیی گۆڕانكارییەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە ئیدارەی حكوومەتەكەی، دوێنێ هەینی جینا هاسبلی كرد بە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا "CIA" لە جێگەی ‍مایك پۆمپیۆ.

خاتوو جینا هاسبل وەك یەكەمین ژن كە ئەو پۆستە باڵا و هەستیارە وەردەگرێت، ئەمڕۆش كۆنگرێس رەزامەندی لەسەر نیشان دا بۆ ئەوەی بە فەرمی دەستبەكار بێت و بەمەش دەبێتە یەكەمیش ژن كە سەركرایەتی CIA بكات.

هاسبل كە بە ژنە رۆمانسییەكەش ناسراوە، پێشتریش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كاری كردووە و كەسێكی نوێ نییە، لە مانگی شوباتی رابردوو ترەمپ وەك جێگری بەڕێوەبەری "CIA" دەستی بەكار كردووە، ئەگەرچی هاسبل بووە سەرۆكی دەزگای "CIA" ئەمەریكی، بەڵام یەكێكە لەو سیخوڕانەی تۆمەتبارە بە سزادانی بەندكراوە عێراقییەكان لە گرتووخانەی (ئەبو غرێب).

جینا شیری هاسبل لە یەكی ئۆكتۆبەری 1956 لە ویلایەتی كنتاكی ئەمەریكی لەدایك بووە، ساڵی 1985 پێوەندی بە "CIA" كردووە لە شوباتی رابردوو ترەمپ كردی بە جێگری بەڕێوەبەری "CIA".

هاسبل لەماوەی 33 ساڵی خزمەتیدا لە "CIA" چەندان پۆست و بەرپرسیاریەتی جیاوازی وەرگرتووە لەوانە جێگری بەڕێوەبەری خزمەتی نهێنی نیشتمانی، خزمەتی نهێنی نیشتمانی بۆ هەواڵگری بیانی و كاری نهێنی. ئیدارەدانی گرتووخانەیەكی نهێنی لە تایلاند كە دواتر كرایە سەرۆكی دەستەی ئەركان لەلایەن خۆزیە رودریجر كە سەرپەرشتی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە "CIA" پێ سپێردرا بوو.

هاسبل چەندان خەڵاتی وەرگرتووە لەلایەن جۆرج بۆشی باوك و خەڵاتی دۆنۆڤان كە میدالیای دەستەكەوتەكانیەتی لە ریزی "CIA" هەروەها خەڵاتی پلەی سەرۆكایەتیشی وەرگرتووە.

باوكی هاسبل كەسێكی سەربازی بووە لە هێزی دەریایی، لەو كاتەوە هاسبل ئارەزووی كردووە پێوەندی بە سوپای ئەمەریكاوە بكات، دوای ئەوەی ساڵی 1978 قۆناغی زانكۆ لویزفیل لە كنتاكی، دواتر بڕیاری دا بچێتە خزمەتی سەربازی لە ئەكادیمای وێست پۆینت، بەڵام لەبەر ئەوەی ژن بوو وەرنەگیردرا.

ساڵی 1980 تا 1985 لە نووسینگەی بنكەی فۆڕت دیڤینی سەربازی لە ویلایەتی ماساتشوستس كاری كردووە، پاشان ساڵی 1985 كاتێك هەواڵی رێگەدان بۆ ژنان دەبیستێت راستەوخۆ پێوەندیان پێوە دەكات. هاسبل دەڵێ دەمویست بەشێك بم لە شتێك زیاتر ،نەك تەنیا من پێم وابێت بەهۆی خزمەتی سەربازی باوكیم هەستم بەوە دەكرد كاری سەربازی زۆر زیاتر لە منەوە نزیكە و هەر بە مناڵییەوە ئارەزووم بۆی هەبوو.
 
سەركەوتنە سەرەتاكانی
هاسبل یەكەم كاری لە CIA ساڵی 1987 بوو لە وڵاتی ئەسیوپیل، دواتر گواسترایەوە بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و توركیا و دواتری ئەوروپا. CIA باسی هیچ چالاكییەكی هاسب لەم ماوەیە ناكات، ئەوەندە نەبێت كە خەڵكی بیانی كردووە بە سیخوڕ و كاری لەگەڵ كردوون.

 بەهۆی ئەو كارەی پێی سپێردرا بوو، هاسبل تۆڕێكی پێوەندی فراوانی هەبوو. رۆژێك هاسبل زانیارییەكی گرنگی دەست دەكەوێت، ئەویش پرسی هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، لەسەر ئەو پرسە و شكستهێنانی هەوڵە تیرۆریستییەكە لەلایەن جۆرج دەبڵیو بۆش خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.  
                                                                                                                                                                              
هێرشی 11ی سێپتێمبەری 2001 دەبێتە خاڵی دەرەوشانەوەی هاسبل و چالاكییەكانی لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر كە تا ئەم دواییەش لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە CIA بەردەوام بووە.

سەركەوتنەكانی هاسبل لەم كارەیدا بووە كلیكی سەركەوتن و پلە بڕینی لە خزمەتدا، لە هەمان كاتیشدا بووە سەرچاوەی زۆرێك لە رەخنەكان لەلایەن فەرمانگە لیبڕاڵییەكانی ئەمەریكا كە هۆكاری رەخنەكانی تێوەگلانی هاسبل بوو لە پێشخستنی بەرنامەی سزادانی CIA دژ بە بەندكراوە نهێنییەكان لە زۆرێك لە وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریكا.

پرسی تێوەگلانی هاسبل بە سزادانی بەندكراوەكان لەو كاتەوە قسەی لەسەر دەكرێت كە لەیەكێك لە گرتووخانەكانی CIA لە تایلاند لە مانگەكانی ئۆكتۆبەر و دیسێمبەری 2002، دەست كرا بە لێپرسینەوە لە گومان لێكراوێك كە دواتر لە ژێر سزاداندا گیانی لە دەست دا و CIA هەڵسا بە رەشكردنەوەی ڤیدیۆی سزادانەكە و لەناوی برد.

دواتر بە فەرمی ئەوەی هاسبل و CIA كردوویانە، ئەوانەیە كە یاساكان رێگەیان پێ داوە، بۆیە هیچ تۆمەت و سزایەك بۆ ئەو كەسانە نییە ئەو رێگایانە بەكار دێنن.

لە مانگی حوزەیرانی 2017 ناوەندی ئەوروپی بۆ مافەكانی دەستووری و مافەكانی مرۆڤ "ECCHR" داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا كرد بڕیاری گرتنی بۆ هاسبل دەربكات لەسەر پرسی سزادانی چەند كەسێكی گومانلێكراو بە تیرۆر. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكان هۆكارەكە بۆ كێشەی ئەبو زوبێدە دەگەڕێتەوە كە 83 جار لەلایەن CIA سزا دراوە و لە گرتووخانەی نهێنیدا لە تایلاند دەستگیر كراوە و هاسبل سەرپەرشتی كارەكەی كردووە.
لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا لەكاتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پیران، هاسبل بەڵێنی بە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران داوە كە واز لە بەرنامەی لێپرسینەوە و سزادانی بەندكراوان بهێنێت و دەڵێ ئەوەی كاتی خۆی كراوە بە ناچاری كردوویەتی، گوتی "من پشتگیری لە پێوەرە یاساییەكان دەكەم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوان، بەمەش هیچ ئەندامێكی CIA دووچاری لێپرسینەوە نابن".
 
بەرەو پڕۆفیشناڵی
دوای ئەو تاقیكردنەوەیەی لە تایلاند بینی كە گومان لە ئەنجامەكەی هەبوو بەهۆی راپۆرتی بەرگریكاران لە مافەكانی مرۆڤ، هاسبل بۆ كاركردن گواسترایەوە بۆ واشنتن و لەماوەی چەند ساڵی دواتر چەندان پۆستی جیاوازی لە CIA لە نیویۆرك و لەندەن وەرگرت، تەنانەت پۆستی لە نووسینگەی ناوەندیش وەرگرت و كرایە جێگری هەواڵگری نایاسایی، پاشان سەرپەرشتی تیمێكی بەرەنگاری تیرۆری CIA كرد كە بەرنامەی گرتنی نهێنییەكانی جێبەجێ دەكرد.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن دۆناڵد  ترەمپ كرایە جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی، دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لەلایەن مایك بۆمبیۆ، ترەمپ هاسبل پێشنیاز كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی.

لەسەر ئەو رەخنانەی لە هاسبل دەگیردرێت، ترەمپ لە تویتێكدا  پشتگیری لێ دەكات و دەڵێ جینا هاسبل كاندیدێكە تا ئاستێكی زۆر گەورە رێزی هەیە، ئەو بۆیە رووبەڕووی ئەو رەخنانە بووەتەوە، چونكە زۆر توند و بێ بەزەییە لەگەڵ تیرۆریستان، ئەمەشە وای كردووە دیموكراتەكان دەیانەوێت دووری بخەینەوە، سەركەوتن بۆ جینا.

ئەوەی هاسبل جیا دەكاتەوە لەوانی تر ئەوەیە كە ئەو ژنە رۆمانسییە دڵرەقە، زۆر عاشقی كارەكەی بووە و تەنانەت عەشقی بۆ كارەكەی پێش عەشقی بۆ ژیانی تایبەتی خۆی و خێزانی خستووە، لەو كاتەی ساڵی 1985 لە CIA وەرگیراوە لە هاوسەرەكەی جیابووتەوە و تا ئێستەش شووی نەكردووەتەوە و هیچ مناڵێكیشی لە هاوسەری یەكەم و كۆتایی نییە.

سەرچاوە/ سۆمەرییە


وشە - فه‌رمان سادق