ئەمەریكا سزای ئابووری دەخاتە سەر توركیا؟

:: PM:06:53:19/05/2018 ‌
 
چاودێرانی تورك كۆكن لەسەر ئەوەی بڕیاری سزادان بەسەر محەمەد هاكان عەتائوڵا، یاریدەری بەڕێوەبەری هاڵك بانكی حكوومەتی توركی رەنگە ببێتە هۆی زیاتربوونی تەنگژە و بارگرژی نێوان پێوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا.

ئەو چاودێرانە پێیان وایە بڕیاری 32 مانگ بەندكردنی عەتائوڵای 47 ساڵان، بەشێكە لەو هەوڵانەی ئەمەریكا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر هەموو دنیا.

یووسف كاتبئۆغڵۆ، چاودێری ئابووری تورك دەڵێ بڕیاری گرتن و سەپاندنی سزا بەسەر عەتائوڵا شتێكی نوێ نەبووە بۆ توركیا، بەتایبەت بڕیارەكە لە كاتێكدایە تەنیا هەفتەیەك بەسەر بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی بەندی ئاندرۆ كریگ برونسون پیاوە دیندارە ئەمەریكییەكە دێت كە لە ساڵی 2016ەوە لە توركیاوە گیراوە و تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ رێكخراوی گویلەن و پەكەكەی دەخەنە پاڵ.

یووسف ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمەریكا لە هەوڵدایە تۆمەتی دارایی و ئابووری بخاتە سەر توركیا، چاوەڕوانی سازشی زیاتر لە توركیا دەكات، بۆیە دووجار عەتائوڵای دادگایی كرد وەك بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی پیاوە دیندارەكە ئەمەریكییەكە، بەڵام هەوڵەكانی بێ سوود بوون.

زیاتر گوتی، بەڵام پەرەسەندنی پرسەكە بۆ سەپاندنی سزای ئابووری لەسەر سێكتەری بانكی توركی لەلایەن ئەمەریكاوە پێشبینی كراوە وەك بەشێك لە زنجیرە پلانەكانی ئەمەریكا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیا كە بڕیارە لە 24ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت كە واشنتن هەوڵەكانی بە دابەزاندنی توركیا كرد لە پۆڵینی گەشەپێدانی جیهانی كە ساڵانە كۆمپانیای ستاندرد ئاند بورز ئەنجامی دەدات".

ئەو نووسەرە توركە كە قسەی بۆ" عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ توركیا ئامادەكاری كردووە بۆ هەموو هەنگاوێك كە ئەمەریكا بە نیاز بێت دژ بە توركیا هەڵیگرێت، لەوانە باشتركردنی پێوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ رووسیا و ئەنجامدانی چەندان گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە پارەی توركی.

ئەوەشی خستە ڕوو كە پێ دەچێ بارگرژیی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا زیاتر ببن تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن لە توركیا كۆتایی پێ دێت.

چاودێران پێیان وایە بڕیاری دادگای ئەمەریكی دژ بە عەتائوڵا و درێژكردنەوەی دادگاییكردنی پیاوە دیندارە ئەمەریكییەكە پێوەندیان بەیەكترەوە هەیە، بۆیە دوور نییە بارگرژییەكان زیاتر ببن كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر پێوەندییە ئابوورییەكان دادەنێت كە هەردوو وڵات لەسەر ئەو پرسە زۆر رژد نین، چونكە لە رابردووشدا پێوەندییەكانیان زۆر خراپ بووە، بەڵام هیچ كام لایەكیان زەنگی سێكتەری ئابووری تێكەڵ بە سیاسەت لە دژی بەرانبەرەكەی نەكردووە بەتایبەت توركیا كە زۆر گرنگی بە لایەنی ئابووری دەدات و دەیەوێت جیای بكاتەوە لەگەڵ سیاسەت وەك ئەوەی بەرانبەر بە میسر رووی دا دوای كودەتاكەی كرایە سەر محەمەد مورسی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسییەوە، ئەگەرچی لەسەر ئەم پرسە پێوەندی نێوان هەردوو وڵات تێكچوو، بەڵام توركیا درێژەی دا بە وەبەرهێنانی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار لە میسر.

فیراس شەعبۆ، مامۆستای زانكۆی ماردین لە توركیا دەڵێ پێدەچێ هەندێ سزای ئەمەریكا بۆ سەر هەندێ دامەزراوەی دارایی و بانكی توركی ببینین، نەك تەنیا هاڵك بانك، هەموو ئەمانەش دەچێتە چوارچێوەی گوشاری بۆ سەر توركیا.

زیاتر گوتی، "ئەو رێوشوێن و سزایانەی ئەمەریكاش لەم كاتەدا زیانێكی زۆر لە توركیا دەدات كە هەوڵ دەدات سەرنجی وەبەرهێنی بیانی بۆ وڵاتەكەی رابكێشێت و ترسی ئەوەش بڕەوێنێتەوە كە هەندێك سەرمایەدار وڵاتیان جێهێشتووە".

رەوشی ئابووری  و دارایی توركیا لە ماوەی مانگی رابردوودا بەجۆرێك داڕمانی بەخۆیەوە بینیوە كە ساڵانێكی زۆرە بەهای لیرەی توركی بەرانبەر  بە دۆلار دابەزینی وەهای تۆمار نەكردووە كە بە بڕی 8% بەهاكەی كەم بكات و لە ئێستا یەك دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە چوار و نیو لیرەیە.

جگە لەمە ساڵی 2017 زیاتر لە 170 وەبەرهێنی تورك خۆیان و سەرمایەكانیان توركیان بەجێهێشت و روویان لە یۆنان كرد و ڤیزای ئاڵتوونیان وەرگرتووە بەرانبەر بە بەگەرخستنی 250 هەزار یۆرۆ لە وەبەرهێناندا.

لەبارەی كاریگەرییەكانی بەسەر پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا لەسەر وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، شەعبۆ كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە دەڵێ ئەمجارە وەك بارگرژییەكانی رابردوو نییە كە دواترینیان وەستاندنی ڤیزا بوو بۆ هاووڵاتییانی تورك، بۆیە ئەمەی ئەمجارە گوشارە بۆ سەر ئەنكەرە و دراوی توركی بەشێوەیەكی تایبەت لە پێش هەڵبژاردن.

شەعبۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە توركیا لە پلانی گەشتوگوزاریدا هێندە گرەوی لەسەر ئەمەریكا نەكردوو، بەڵكو گرەوی لەسەر رووسیا و ئەوروپییەكان كردووە، بەمدواییەش گرنگی بە عەرەبیش داوە. 

زیاتر گوتی، "ساڵانە ژمارەی گەشتیارانی ئەمەریكی بۆ توركیا دەگاتە 700 هەزار گەشتیار، دەكرێت قەرەبووی ئەوان بە رووسەكان بكرێتەوە یانیش بە عەرەبی".

دكتۆر شەعبۆ ئەوەشی خستە ڕوو كە لە رووی ئابوورییەوە هەموو بارگرژییەكی ئابووری نێوان وڵاتان كاریگەری خۆی دادەنێت بە تایبەت بۆ وڵاتێكی وەك توركیا كە پشت زیاتر بە وەبەرهێنانی بیانی و گەشتوگوزار دەبەستێت، بەتایبەت ئەگەر سزاكە لەلایەن وڵاتێكی وەك ئەمەریكا بێت.

زیاتر گوتی "ئەمەریكا لە توركیا بە بەهای پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هەیە، هەوڵیشی هەبوو بیگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار، بەڵام توركیا تەنیا 700 ملیۆن دۆلار وەربەرهێنانی لە ئەمەریكا هەیە، هاوكێشەكە روونە سەباندنی سزای ئابووری بەسەر توركیا مەترسییەكانی چەندە".




وشە - فه‌رمان سادق