مۆبایلی 3D دەكەوێتە بازاڕەوە

:: AM:09:06:20/05/2018 ‌
بڕیارە یەكەم مۆبایلی سێ ڕەهەندی بە سیستەمی ئەندرۆید ئەم هاوینە لەلایەن كۆمپانیای AT & T  و Verizon بكەوێتە بازاڕەوە، ئەمەیش داهێنانێكی ناوازە و پێشكەوتنێكی سەرسوڕهێنەر دەبێ، لە بواری تەكنەلۆجیا و مۆبایلە زیرەكەكانەوە.

میدیاكانی تەكنەلۆجیا بڵاویان كردەوە، هاوینی ئەمساڵ ئەو جۆرە مۆبایلە دەخرێتە بازاڕەكانەوە و ناوی مۆبایلەكەیش Hydrogen دەبێ كە لەلایەن كۆمپانیای ڕێتی تایبەت بە پیشەسازی كامێرای سینەمایی و دیجیتالی پێشكەوتوو لایەنی 3Dی بۆ داهێنراوە.

كۆمپانیای ڕێد بڵاوی كردەوە، مۆبایلە نوێكە بە شاشەیەكی سێ ڕەهەندی دروست دەكرێ، دەتوانێ شاشەكە ئاڵوگۆڕیشی پێ بكرێ و بكرێتەوە دوو ڕەهەندێ و بە ویستی بەكارهێنەر دەبێ، لە هەموو حاڵەتێكیشدا لەوكاتەی شێوە سێ ڕەهەندییەكەی بەكار دەهێنن، پێویستی بە هیچ چاویلكەیەك نابێ و زۆر بە پێشكەوتوویی دروست كراوە، ئەوانەی نەخۆشییەكانی چاویشیان هەیە دەتوانن بیبینن و كاری پێ بكەن.

سیستەمێكی دەنگی زۆر پێشكەوتوو و كامێرایەكی خەیاڵی بۆ ئەو مۆبایلە پێوەست كراوە، جیا لەوەیش تایبەتمەندی زۆر ناوازەی بۆ كامێراكەی هەیە، كە دەتوانێ وێنە و ڤیدیۆی هاوشێوەی فیلمەكانی سینەما بگرێ، هیچ زانیارییەك لە بارەی نرخ و تایبەتمەندییەكانی تری ئەو مۆبایلە نەخراوەتە ڕوو، چاوەڕوان دەكرێ لە چەند مانگی داهاتوو لە بازاڕەكان بڵاو بكرێتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د