گواردیۆلا رەتی كردۆتەوە ئینێستای وەربگرێ

:: PM:12:28:20/05/2018 ‌

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی لەسەرچاوەیەكی نزیكی پێپ گۆاردیۆلا ئاشكرای كردووە كە یانەی مانچستەر سیتی پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی بەهیچ شێوەیەك نایەوێ گفتوگۆ لەگەڵ ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بكات بۆ ئەوەی لە هاوینی داتوو گرێبەستی لەگەڵدا بكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: ئینێستا تاڕادەیەكی زۆر لە رێككەوتن لەگەڵ یانەی ڤیسێل كۆپێی ژاپۆنی نزیك بووەتەوە كە خاوەن كۆمپانیای راكۆتێنی سپۆنسەری سەرەكی یانەی بەرشەلۆنەیە.

ئینێستا ئەمڕۆ یەكشەم لە دوایین گەڕی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال سیۆسیداد لەنێو یاریگەی كامپ نوو دوا یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام دەدات و دوای 22 ساڵ ماڵئاوایی یەكجاری لە یانەكە و هاندەرانی دەكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان پێشتر بڵاویان كردبووەوە كە یانەی مانچستەر سیتی دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئینێستا بكات بەتایبەت كە گواردیۆلای راهێنەری یانەكە ماوەیەكی زۆر لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە راهێنەری ئەو ئەستێرەیە بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م