دۆستەكانی تاڵەبانی ئارامی كەركووك دەشێوێنن

:: PM:03:42:20/05/2018 ‌


دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، توركمان و عەرەبی كەركووك ماوەی چەند رۆژێكە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەنجامەكە قبووڵ ناكەن.

ئەگەرچی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتای راگەیاند، بەڵام ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوەی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو ساختەكاری كردووە و دەنگی ئەوانی دزیوە.

توركمان و عەرەبەكانی كەركووك سكاڵای یاسایییان لە كۆمسیۆن و دادگای باڵای فیدڕاڵ تۆمار كردووە و یاداشتی ناڕەزایەتیشیان داوەتەوە نەتەوە یەكگرتووەكان و دەڵێن بەردەوام دەبین لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا ئەو كاتەی دەنگەكان بە دەست لە یەكتر جیا دەكرێنەوە.

لە ماوەی هەشت رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی عەرەب و توركمانی كەركووك، هەڵیانكوتاوەتە سەر مەڵبەندی یەكێتی لەو شارە و دەیان دروشمی جیاوازیان دەگوتەوە كە مەترسی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی شارەكە دروست كردووە و ئەگەری شەڕی نێوان پێكهاتەكانی لێ دەكرێت، سەرۆكی لیژنەی تەناهی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە "توركمانەكان دەیانویست چەند كەسێكیان لێ بكوژرێت تا كێشەكە گەورەتر ببێت".

دوای هەشت رۆژ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەمڕۆ پۆلیسی فیدڕاڵ و هێزەكانی دژە تیرۆر كۆتایان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی كەركووك هێنا كە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەلایەن توركمان و عەرەبەكانی شارەكە كە بە دۆستی سەرۆك تاڵەبانی ناسراون، دەست كرا بە خۆپیشاندان.

عەلی مەهدی سادق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی بەرەی توركمانی دەڵێ، لە دادگای باڵای فیدڕاڵ تانەمان لە ئەنجامەكەی داوە، دڵنیاین لە كەركووك ساختەكاری كراوە بۆیە داوامان كردووە سندووقەكان بە دەست ئەژمار بكرێن نەك ئەلیكترۆنی.

زیاتر گوتی "سەردانی نەتەوە یەكگرتووەكانمان كردووە و یاداشتی ناڕەزایەتیمان پێ داوەن، هێشتا ئەوان هەڵوێستێكی نەرێنییان نەبووە و ئەوانیش خەریكی ئەوەن كێشەكە چارەسەر بكەن، چونكە بەگوێرەی زانیارییەكانمان هێشتا نەتەوە یەكگرتووەكانیش دانی بەو ئەنجامە نەناوە".

عەلی ئەوەشی خستەڕوو خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت، ئەوەشی رەت كردەوە كە كۆتا بەخۆپیشاندانەكان هاتبێت. گوتی "تا ئەوكاتەی دەنگدان بە دەست ئەژمار نەكرێت و جیا نەكرێتەوە، ئەوا خۆپیشاندانەكان بەردەوامیان دەبێت".

لەبارەی مەترسی كەوتنەوە بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكان بەتایبەت دوای ئەوەی هەندێك خۆپیشاندەری توركمان هەڵیانكوتابووە سەر بارەگای مەڵبەندی یەكێتی، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رەتی كردەوە ویستی ئەوە هەبێت شەڕ و ئاشووب لە كەركووك بنێنەوە. گوتی "ئێمە خۆپیشاندانی هێمنانەمان ئەنجام داوە و پۆلیسی فیدڕاڵیش خۆیان ئێمە دەپارێزن و چاودێری دەكەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە لە عێراق دەژین هەمیشە ترس لە سەرهەڵدانی توندوتیژی و تەقینەوەی دۆخەكە دەكرێت".

هاوكات موعن محەمەد ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن ئەگەرچی دادگای فیدڕاڵ رەتی كردەوە چاو بخشێنێت بە سكاڵاكان. گوتی "دەستوور رێ و مافی بە خۆپیشاندان داوە، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین. لەم هەڵبژاردنە لە هەموو شارەكان سكاڵا هەبووە، بەڵام ئەوەی كەركووك ئاستی ساختەكارییەكەی بەجۆرێك بووە بڕوا ناكرێت".

موعن محەمەد ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو كە خۆپیشاندانەكانی ناو كەركووك و شارۆكە و شارەدێیەكان خەڵك ئەنجامیان دا و پاشان كاندیدەكان چوونەتە ناو خۆپیشاندەران.

"هیچ ئاراستەیەكی سیاسی خۆپیشاندانەكە ئاراستە ناكات، ئەمەشە وایكردووە پێوەندییەكی باش لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی تەناهی هەبێت بۆ پاراستنیان". موعن وای گوت. رەتی كردەوە كە ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە سەر بكێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی نێوان پێكهاتەكان.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئایار، پۆلیسی فیدڕاڵی كۆتای بە خۆپیشاندانەكانی كەركووك هێنا، بەڵام بە قسەی موعن محەمەد و عەلی مەهدی بێت خۆپیشاندانەكان بەردەوامییان دەبێت.

ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی تەناهی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، توركمانەكان دەیانویست چەند كەسێكیان لێ بكوژرێت تا داوای دەستی دەرەكی و توركیا بكەن بۆ شێواندنی رەوشی شارەكە.

جەباری لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا ئەگەرچی پۆلیسی فیدڕاڵ كۆتای بە خۆپیشاندانەكانی توركمان و عەرەبەكان هێناوە، بەڵام هێشتا مەترسییەكانیان هەر ماون، چونكە ئەوان "مامۆستایان" هەیە، ئەوان پێیان دەڵێن بڕژێنەوە سەر شەقامەكان و پشێوی دروست بكەن.

جەبارەی ئەوەشی خستەڕوو پیلانی هێرشكردنە سەر مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی و شوێنەكانی تر لەلایەن توركمانەكان، بۆ ئەوەبوو چەند خۆپیشاندەرێكیان لێ بكوژرێت تا داوای "دەستوەردان لە توركیا بكەن و بڵێن فریامان بكەون".

زیاتر گوتی "ئێمە وەڵاممان نەدانەوە، بۆیە پیلانەكەیان شكستی هێنا، لەسەر ئەو پرسەش یاداشتێكمان دایە حكوومەتی عێراق كە ئەگەر توركمانەكان بتوانن سێ هەزار میلیشیا بهێننە سەر شەقام، ئەوا ئێمە 300 هەزار چەكدار دەهێنینە سەر شەقام ئەگەر ئەنجامی كەركووك نەخوێنرێتەوە. دواتر ئەنجامی كەركووك لە ژێر فشار خوێنرایەوە".

جێی باسە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركووك شەش كورسی و بەرەی توركمانی سێ كورسی و هاوپەیمانی عەرەبی سێ كورسیان بەدەست هێناوە.



وشە - فه‌رمان سادق