بە بردنەوەی سەدر دەستوەردانی ئێران لە عێراق كۆتایی دێت؟

:: PM:10:19:20/05/2018 ‌

كێبەركێی ئێران و ئەمەریكا لەسەر كاریگەریان بۆ سەر بڕیاری عێراق و بەدەستهێنانی لایەنگیری دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بۆلای خۆیان بەردەوامە و لە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوای هەڵبژاردنەكەش رەنگی داوەتەوە، رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ زۆرێك كتوپڕ بێت كاتێك هێزێكی شیعەی نەیار بۆ ئێران لە پلەی یەكەم هات، بەڵام ئاخۆ ئێران بارەكە راست دەكاتەوە؟، یان سەركەوتنی سەدر دەبێتە خاڵی سەرەتای كەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق؟.

كەناڵی 10ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل راپۆرتێكی لەو بارەوە بڵاو كردەوە لەبارەی ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا، راپۆرتەكە دەڵێت، سەدر كە بە حەسەن نەسروڵای عێراق دەناسرێت، ئێستە بووەتە گرنگترین كەسایەتی عێراق و بردنەوەشی وەك پەیامێكی روونە بۆ ئێران بەوەی كاتی كۆتاهاتن بە دەستوەردانەكانی لە كاروباری عێراق نزیك بووەتەوە. 

ئەو هەڵبژاردنەی هەفتەی رابردوو لە عێراق بەڕێوە چوو یەكەمینە لە دوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش كە ئەنجامەكانی پەیامێك لە ئێران دەدەن بەوەی ئێمەی عێراقی سوپاستان دەكەین بۆ پاڵپشتیكردنتان لە سەركەوتن بەسەر داعش، بەڵام ناتوانن كۆنترۆڵی ئێمە بكەن.

شایەنی باسكردنە سەدر كە گەورەترین كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە، موسڵمانێكی شیعەیە و پێش 2003 بۆ دەوڵەتەكانی رۆژئاوا ناسراوە و ئەو كات بە نەسروڵای عێراق ناویان دەبرد، چونكە خاوەن بیرۆكەی پێكهێنانی گرووپە شیەكان بوو كە بەرگری داگیركاری ئەمەریكایان كرد و ئێستەش دەردەكەوێت كە سەدر و لایەنگرانی بوونی ئێران لە عێراق رەت دەكەنەوە. 

بەپێی راپۆرتەكە موسڵمانانی شیعەی عێراق 65%ی رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێك دێنن و ئەوان گرووپێكن كە لەسەردەمی سەدام حوسێن سەركوت كران، بەڵام جیاواز لە كەمینە شیعەكانی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوان عەرەبن و فارس نین.

بە چاوخشاندنێكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنەكانی لبنان كە شیعەی ئەو وڵاتە بەسەرۆكایەتی حەسەن نەسروڵا سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەست هێنا، ئێستە لە هەموو كاتێكی تر گرنگی بەراوردكردنی نێوان ئەو دوو سەركردە شیعەیە دەردەكەوێت، ئەو كاتەی نەسروڵا رووبەڕووی رەخنەیەكی گەورە هاتەوە بەوەی دەستبەرداری عەرەبایەتی خۆی بووە، ئەو لە گوتاری بردنەوەدا رای گەیاند، لبنان نابێتە عەرەبی و فارسی، لەو كاتەی سەدر چەند جارێك بەهەمان رێگە قسەی كرد، كەچی بەپێچەوانەی نەسروڵا پێ دەچێت سووربێت لەسەر وەدەرنانی هێزەكانی ئێران لە عێراق. 

سەدر لە وتارێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە هیوادارم عێراق بەسەر گەندەڵكاران سەربكەوێت، ئەوانەی سامان و داهاتەكەیان دزی، ئەو كاتە دەتوانین قۆناغێكی تاریك تێپەڕ بكەین و ئەوانەشی لە پۆستەكانیان كەمتەرخەمی و فەرامۆشی دەكەن تەنیا لۆمەی خۆی بكات، چونكە دەبێتە هۆكارێكی لەناوچوونی دەوڵەت و دووبارە رادەستكردنەوەی بۆ گەندەڵكارانەوە.

رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی لەو بارەوە دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەریان خست كە دوو هێز زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە ئەوانیش لیستی (سائیروون) بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر خاوەن كەسایەتییەكی كاریزمایی و لیستی (فەتح) بەسەركردایەتی هادی عامری كە زۆرینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە.

رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت، لەو كاتەی لیستی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تووشی دۆڕاندن هاتەوە، ئەو كاتێك لە هاوینی 2014 وەك سەرۆك وەزیرانی دیاری كرا لە شوێنی نوروی مالیكی، نەچووەتە ناو كێبەركێی هەڵبژاردنی گشتی، ئەو هەموو هەوڵێكی دا بۆ راكێشانی دەنگدەران بۆخۆی و بەڵێنی بەوان دا بە دووركەوتنەوە لە تایفیەت و داعش و خەونی سەربەخۆیی كوردی لەناو برد لە دوای ریفراندۆمی 25ی سێپتێمبەری پارساڵ، بەڵام سەرەڕای ئەوە عەبادی نەیتوانی قەناعەت بە دەنگدەران بكات بۆ دەنگدانی بەو و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەو بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بەرجەستەی سیاستێكی گەندەڵ دەكات.

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە رێژەی دەنگدان لەو هەڵبژاردنە بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر زۆر كەم بووە كە گەیشتە 44.52% و بەغدای پایەتەخت كە خاوەن گەورەترین رێژەی دەنگدەرە لە عێراق رێژەی بەشداریكردن گەیشتە 33%.

رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو كەمبەشداریكردنەی خەڵك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جگە لە بێزاری لە سیاسەتوانان و رێژەی زۆری گەندەڵی و ترسی خەڵكەكە لە روودانی تەقینەوەی خۆكوژی و كەوتنەوەی قوربانییەكی زۆر، بەڵام هۆكاری تریش هەبوون كە وایان كرد بەشێكی گەورەی گەلی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەكە نەكەون كە ئەوان بەو شێوەیە سیاسەتوانان و سیستەمی هەڵبژاردنیان رەت كردەوە.

سەرچاوە/ كیتابات
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل