دوێنێ یەكشەم ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە دوایین یاریی لەگەڵ یانەكەی ئەنجامدا لە دوا گەڕی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا.
یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی دوایی و 38ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداری یانەی ریال سۆسیدادی كرد و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.
ئەم یارییە دوایین یاریی ئینێستا بوو كە بە درێسی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامی بدات دوای ئەوەی رایگەیاندبوو بۆ وەرزی داهاتوو لە خولێكی تر و یانەیەكی تر درێژە بە ژیانی وەرزشی دەدات.
ئینێستا ئاشكرای كردبوو كە هەر لەم هەفتەیەدا دوا بڕیاری خۆی دەدات و ئەو یانەیە هەڵدەبژێرێ كە بۆ وەرزی داهاتوو یاریی تێدا دەكات كە یانەیەكی خولی تۆپی پێی چین یان ژاپۆن دەبێت.
ئینێستا /34 ساڵ/ دوای تەواوبوونی یارییەكە لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیادا جامی پاڵەوانیەتییەكەی بەرز كردەوە و لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی ئاهەنگیان گێڕا.
سەرەتای یاریكردنی ئینێستا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە ئەكادیمیای یانەكە لە ساڵی 1996 دەستی پێ كرد، لە 2002 بەفەرمی بووە یاریزانی تیپی یەكەمی یانەكە و لەو كاتەوە تا ئێستا 674 یاریی فەرمی بۆ یانەكەی ئەنجام دا.
ئینێستا لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا وەك یاریزان 22 ناسناوی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستهێنا، ئەمە بەبێ هەژماركردنی هەردوو ناسناوەكانی جامی سوپەری ئەوروپا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
ئینێستا بە دووەم یاریزان دادەنرێ لە مێژووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپادا زۆرترین ناسناوی بەدەستهێنابێت كە 4 ناسناوی پاڵەوانیەتییەكە بووە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا، بەهاوتابوون لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكی تر لەوانە كریستیانۆ رۆناڵدۆ، گیرارد پیكێ، لیۆنێل میسی و چاڤی هێرناندێز، تەنیا دانی ئەلڤێسی ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و ئەنتۆنیۆ ریسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید لە پێشەوەی ئەوەوەن.
ئینێستا هەروەها لە ریزبەندی دووەمی ئەو یاریزانانەوە دێت كە زۆرترین ناسناوی خولە گەورەكانی ئەوروپایان بەدەستهێنابێت بە بەدەستهێنانی 9 ناسناوی خولی ئیسپانیا و بەهاوتایی لەگەڵ لیۆنێل میسی، تیاگۆ ئەلكانتارا و جیانلویجی بوفۆن و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، بە تەنیا نەسناوێك لە دواوەی ئاریین رۆبنی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوەیە.