ئینتەر گەیشتە ریزی یانەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا

:: AM:10:26:21/05/2018 ‌

یانەی ئینتەر میلان بەفەرمی گەیشتە ریزی ئەو یانانەی كە وەرزی داهاتوو بەشداریی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەكەن دوای بردنەوەی لە یانەی لازیۆ لە دوایین یاریی خوی ئیتاڵیادا.

یانەی ئینتەر میلان لە دوایین یاریی و گەڕی 38ی خولی ئیتاڵیادا لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری لەشاری رۆمای پایتەخت و لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیكۆ بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی لازیۆی بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی لازیۆ بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بە پێش كەوت كە گۆڵێكیان بەشێوەی هەڵە ئیڤان پیریسیچی هێرشبەری كڕواتی لە خولەكی 9 و گۆڵەكەی تریش لەلایەن فیلیپی ئەندرسۆن ئەستێرەی بەڕازیلی لە خولەكی 41 تۆمار كران، تاكە گۆڵەكەی یانەی ئینتەریش لەلایەن دانێلۆ دی ئەمپڕۆزیۆی بەرگریكارەوە لە خولەكی 29 هاتە تۆماركردن.

لە گێمی دووەمیشدا یانەی ئینتەر میلان لە پێشكەشكردنی ئاستەبەرز و هێرشە مەترسیدارەكانی بەردەوام بوو و تا لە كۆتاییدا توانی ئەنجامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی وەرگێڕێ و 2 گۆڵی تر لە رێگەی یاریزانان ماورۆ ئیكاردی كاپتن و هێرشبەری ئەرجەنتینی بە لێدانی سزا و ماتیاس ڤیچینۆ لە خولەكانی 78 و 81 تۆمار بكاتەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی ئینتەر میلان ژمارەی خاڵەكانی بە هاوتای یانەی لازیۆ بۆ 72 بەرزكردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە یاریی چوون و هاتندا سەركەوتنی بەدەستهێنابوو ریزبەندی چوارەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیتاڵیای پێ درا، بەمەش یانەكە بۆ وەرزی داهاتوو بەشێوەی راستەوخۆ بەشدار دەبێت لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

بەشداریكردنی یانەی ئینتەر میلان لە وەرزی داهاتووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە یەكەم بەشداریكردنی یانەكە دوای تێپەڕبوونی 7 ساڵ بەسەر دوایین بەشداریكردندا كە لە وەرزی 2011-2012 بوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م