یانەی پاریس سان جێرمانی پاڵەوانی فڕەنسا ئاشكرای كرد، تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی بەفەرمی وەك راهێنەری نوێی یانەكەیان دەستی بە كارەكانی كرد.
لاپەڕەی فەرمی یانەی پاریس سان جێرمان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) چەند وێنەیەكی تۆخێلی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەردەكەوێت درێسی یانە فڕەنسییەكەی بەدەستەكانی گرتووە وەك ئاماژەیەك بە دەست بەكاربوونی ئەو راهێنەرە بە كارە نوێیەكەیەوە.
یانەكە هەفتەی رابردوو رێككەوتنی لەگەڵ تۆخێلی راهێنەری پێشووی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی راگەیاندبوو، گرێبەستەكەی نێوانیشیان بۆ ماوەی 2 وەرزی داهاتووە.
تۆخێل بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئۆنای ئێمری ئیسپانی راهێنەرایەتی یانەی پاریس سان جێرمان دەكات و ئامانجی یەكەمی یانەكەش لە وەرزی داهاتوودا برێتی دەبێت لە بردنەوەی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
یانەكە لەم وەرزەدا لەقۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كرایە دەرەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هاوینی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ چەندان ئەستێرەی جیهانی ئیمزا كردبوو كە گرینگترینیان نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و كیلیان مباپێی ئەستێرەی فڕەنسی بوون.