نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:10:48:21/05/2018 ‌

هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كرایەوە و نرخی نەوتیش لە چەند سەعاتی رابردوودا كەمێك رووی لە بەرزبوونەوە كردووە. هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تا  سەرووی 80 دۆلار هەڵكشابوو و لە كۆتای هەفتەدا بە 78 دۆلار و 62 سەنت داخرابوو.

بەگوێرەی dailyfx  لە چەند سەعاتی رابردوودا نرخی نەوت 30 سەنت بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 79 دۆلار و 92 سەنت دەفرۆشرێت.

ئەوەی تا رادەیەك هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت، پێوەندی بە دانوستانەكانی ئێران و ئەوروپا بۆ پرسی ناوكی هەیە و دەیانەوێت میكانیزمێك بۆ رێككەوتنەكە بدۆزنەوە و ئێرانیش داوا دەكات.

جگە لە كاریگەرییەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017شدا رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە، لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دانا.

ئێستەش كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەسوودی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوان تا كۆتا بە تەنگژەی دارایییان بهێنن.





وشە - سلێمان تاشان