سەرۆكی پاریس سان جێرمان: 10 هەزار جارە پێتان بڵێمەوە

:: AM:11:05:21/05/2018 ‌

ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی جەختی كردەوە كە ئەستێرەی تیپەكەیان و بەڕازیل نیمار دا سیلڤا بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵیان بەردەوام دەبێت و بۆ هیچ شوێنێكی تر ناڕوات.

خەلیفی بۆ رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی رایگەیاند: بەڕاستی نیمار خۆی لە دەنگۆ و ناتۆرەكانی بێزار بووە و بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم ئەو گرێبەستەكەی بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو لەگەڵ پاریس سان جێرمان ماوە و لەگەڵمان بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی: ئەگەر بڕوا بە رۆژنامە ئیسپانییەكان دەكەن ئەوا شتێكی خراپ دەكەن، بێگومان ئەوە 10 هەزار جاریشە دووبارەی بكەمەوە نیمار لەگەڵمان دەمێنێتەوە، باوكیشی چەند جارێك راستەوخۆ پێی گوتووم كە داهاتووی كوڕەكەی تەنیا لە یانەی پاریس سان جێرمانەوە دەبینێتەوە.

هەموو ئەم قسانەی ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان بەهۆی ئەوەوە دێت كە رۆژنامەكانی ئیسپانیا ماوەكە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە نیمار لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رێككەوتووە و بۆ وەرزی داهاتوو درێسی سپی یانەی شاهانە دەپۆشێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م