رەنگە هازارد روو لە یانەیەكی تری ئینگلیزی بكات

:: PM:12:34:21/05/2018 ‌

یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بڕیاریداوە بە رژدی بێتە نێو ریزی یانە گەورەكانی ئەوروپا بۆ ركابەریكردن لەسەر گرێبەستی ئیدین هازاردی ئەستێرە بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی مانچستەر سیتی ئامادەیی خۆی پێشانداوە بڕی 100 ملیۆن پاوەن ئامادە بكات تا گرێبەستی هازارد بەدەستبێنێ.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد، زەحمەتە هازارد لە ریزی یانەی چێڵسی بمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی یانەكە لە وەرزی داهاتوودا بەشداری لە خولی پاڵەوانەكانی ئەوروپا ناكات.

گرێبەستەكەی هازارد لەگەڵ یانەی چێڵسی لە هاوینی 2020 بەكۆتا دێت و یانەی چێڵسیش ناچار دەبێت ئەو ئەستێرەیە بفرۆشێ.

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو كە یانەكەی لە وەرزی داهاتوودا گرێبەستی زۆر ئەنجام نادات تەنیا یاریزانێك یان دووان نەبێت، رەنگە یەكێك لەمانەش هازارد بێت كە باشترین جێگرەوە دەبێت بۆ دێڤید سیلڤای ئەستێرەی ئیسپانی كە شیمانە زۆرە وەرزی داهاتوو ریزی یانەی مانچستەر سیتی جێبێڵێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م