وڵاتانی ئیسلامی لە رەمەزاندا زۆرترین خۆراك بەهەدەر دەدەن

:: PM:02:04:21/05/2018 ‌


بەگوێرەی ئامارەكانی لە دەستە جیهانییەكانی پێوەندار بڵاو كراونەتەوە، وڵاتانی ئیسلامی لە مانگی رەمەزاندا بەهەدەردانی زۆر لە خۆراك دەكەن، سعوودیەش بە 13 ملیار دۆلار لە پێشەنگدایە و عێراقیش هیچ ئامارێك نایگرێتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی خۆراكی نێودەوڵەتی "فاو"ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، عەرەبەكان لە مانگی رەمەزاندا خۆراكێكی زۆر بەهەدەر دەدەن بە بەراورد لەگەڵ 11 مانگەكەی تر.

ئامارەكانی فاو دەڵێ عەرەبستانی سعوودیە لە پلەی یەكەمینی ئەو وڵاتانە دێت كە خۆراكێكی ئێجگار زۆر بەهەدەر دەدات كە بەهاكەی بە 13 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ساڵانە خەمڵێنراوە، ئەم بڕەش زۆر لە بەرهەمی خۆراكی ساڵانەی هەریەك لە وڵاتانی سۆماڵ و جیبۆتی و مۆریتانیا زۆر زیاترە.

لە راپۆرتەكەی فاو، ئەوەش روون كراوەتەوە هەر تاكێكی سعوودی ساڵانە 250 كیلۆگرام خۆراك بەهەدەر دەدات، لە وڵاتانی پێشكەوتوو بڕەكە دەگاتە 115 كیلۆ و لە وڵاتە هەژارنشینەكانیش بڕەكە دەگاتە 11 كیلۆ.

لە ئیمارات ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار خۆراك بەهەدەر دەچێت، هاوكات لە كوێت ساڵانە یەك ملیۆن تۆن خۆراك بە هەدەر دەچێت كە هەر تاكێكی كوێتی ساڵانە 400 كیلۆ گرامی بەردەكەوێت.

لە قەتەر ساڵانە ملیۆنێك و 400 هەزار تۆن خۆراك بەهەدەر دەدرێت كە هەر تاكێكی قەتەری 636 كیلۆگرامی بەردەكەوێت، ئەمە جگە لەو خۆراكەی بەهۆی ماوەی بەسەرچوون یان خراپ هەڵگرتنی بەهەدەر دەچێت كە بڕەكەی 14%ی كۆی ئەو خۆراكەیە لە بازاڕەكانی قەتەر هەیە.

راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە تا ساڵی 2030 مرۆڤایەتی پێویستی بە 60%ی خۆراكی تر هەیە بۆ تێركردنی مرۆڤەكانی سەر زەوی.

ئەگەرچی هەمووان دەزانن كە زیادەڕۆیی و بەهەدەردان لە هەموو شتێكدا لە ئاینی ئیسلامدا رێ پێدراو نییە بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا، بەڵام لەگەڵ ئەو زانیارییەی هەیانە، كەچی لە مانگی رەمەزاندا زۆرترین خۆراك لە وڵاتانی عەرەبی بەهەدەر دەدرێت.

زۆرینەی خێزانەكان بڕێكی زۆر خۆراك و خواردنەوە خەرج دەكەن و بەكاری دەهێنن، لەم بڕە زۆرەشدا بەشێكی زۆری بەهەدەر دەدەن بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە لە زۆرینەی خێزانەكان نیوەی ئەو خۆراكەی لەسەر خوانی ئێوارە دانراوە ناخورێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی سەر بە دەزگای چاودێری خۆراك، ئەوا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە ملیارێك و 300 ملیۆن تۆن خۆراك بەهەدەر دەدات كە بەهاكەی دەكاتە ترلیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

ئەو بڕە خۆراكەی ساڵانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەدەر دەدرێت بە یەك لەسەر چواری ئەو بڕە دەتوانرێت هەموو هەژارانی سەر زەوی تێر بكرێت و لە بەدخۆراكی و برسیەتی رزگار بكرێت.

بەدیوێكی تر ئەو بڕە خۆراكەی ئێستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەدەر دەدرێت هیچ كات وا نەبووە، ئەمەش وایكردووە وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی دنیا بەوە ناو دەربكەن كە وڵاتانێكن خۆراك بەهەدەر دەدەن.

بەگوێرەی شارەوانی دوبەی لە ساڵی 2012 ئەو خاشاك و پاشماوانەی هەڵیانگرتووەتەوە 55%ی خۆراك بووە، ئەمەش بەو مانایە دێت كە رۆژانە تۆنێك و 850 كیلۆگرام خۆراك لە رۆژانی مانگی رەمەزان لە دوبەی بەهەدەر دەدرێت.

لە بەحرێن بڕی ئەو خۆراكەی بەهەدەر دەدرێت و دەخرێتە ناو سەبەی خاشاكەوە لە مانگی رەمەزاندا 400 تۆن تێپەڕ دەكات، ئەمەش بە قسەی بەرپرسانی یەكەی پاككردنەوە و خۆ دەربازكردن لە پاشماوەكانی بەحرێن، هاوكات لە قەتەر نیوەی ئەو خۆراكەی لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا داوا دەكرێت و ئامادە دەكرێت، ئەوا بەهەدەریش دەدرێت.

پێوەند بە عێراق، ئەگەرچی عێراقیش لەو وڵاتانەیە كە خۆراكێكی زۆر بەهەدەر دەدات و بەشێكی زۆری پاشماوەكانی خۆراكە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ داتا و ئامارێك لەلایەن رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، یان رێكخراوەكانی تری پێوەندار بەو پرسە، یانیش داتاكانی حكوومەت خۆی، نەتوانراوە هیچ ژمارەیەك لەسەر عێراق لە راپۆرتەكەی فاو بگوترێت.

لەسەر ئەو پرسە جیروین ڤینسنت سەرۆكی جێبەجێكردنی پرۆسەكان لە كۆمپانیای ئەفیردا لە ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو دەڵێ، بەهەدەردانی خواردن لەلایەن و وڵاتانی عەرەبی شتێكی تازە نییە، تەنیا لە وڵاتانی عەرەبیش ئەو بەهەدەردانە بوونی نییە، بەڵكو پرسێكی مرۆڤایەتییە، بەڵام مەترسییەكە ئەوەیە ئامارەكە بە بەردەوام لە بەرز بوونەوەدایە.

هەر بەپێی ئامارەكانی فاو یەك لەسەر سێی پێویستی خەڵكی بۆ خۆراك ساڵانە بەهەدەر دەدرێت كە بڕەكەی ملیارێك و 300 ملیۆن تۆن خۆراكە.

سەرچاوە/ زەمان


وشە - فه‌رمان سادق