لە باشماخ تانكەرێك گڕی گرت و شۆفێرەكەی بووە قوربانی

:: PM:02:27:21/05/2018 ‌
كەمێك لەمەوبەر لە دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، تانكەرێكی هەڵگری سووتەمەنی گڕی گرت و بەو هۆیەوە، شۆفێرە ئێرانییەكەی بریندار بوو، هاوكات زیانێكی زۆری مادیشی بەركەوت.

ئەزوەر مەحموود سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، تانكەرێكی ئێرانی كە سووتەمەنی جۆری نەفتای بار كردبوو لە دەروازەی باشماخ گڕی گرت و لە ئەنجامدا زیانی مادی لێ كەوتەوە و شۆفێرەكەشی كە هاووڵاتییەكی ئێرانییە بریندار بوو.

زیاتر گوتی، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بەهۆی غازەوە بووە، كاتێك شۆفێری بارهەڵگرەكە خواردنی ئامادە كردووە و دواتر بەو هۆیەوە بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە ئاگری تێبەر بووە.

سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دووپاتی كردەوە كە بڕی زیانە مادییەكەی بە نزیكەی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت و دواتریش لەلایەن بنكەی بەرگری شارستانی باشماخەوە، ڕووداوەكە كۆنتڕۆڵ كرا.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل و تانكەرەكانی هەڵگری سووتەمەنی لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران لەو مەرزە هاتوچۆ دەكەن و سووتانی ئەو تانكەرەیش دەبێتە یەكەمین رووداوی سووتانی تانكەر لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە لەمساڵدا رووی داوە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی







وشە - سه‌رخێڵ هاشم