زانیاری نوێ لەسەر ئەو كەسە بڵاو دەكرێتەوە كە لە قەسرۆك كوژرا

:: PM:03:54:21/05/2018 ‌

كەمێك پێش ئێستە لە بناری چیای مەقلووبی سەر بە شارەدێی زێلكان لە سنووری شارۆكەی شێخان، تەرمی هاووڵاتییەك دۆزرایەوە كە لە چەند رۆژی رابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو رفێنرابوو.

میرخان قارەمان هاووڵاتییەكی ناوچەكە ‌ بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژی رابردوو هاووڵاتییەكی كومەڵگای چڕەی سەر بە شارەدێی قەسرۆك، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو رفێنڕابوو و كەمێك پێش ئێستە تەرمەكەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە بناری چیای مەقلووب دۆزرایەوە.

 ئەو هاووڵاتییە ناوی محەمەد شەعبانە و تەمەنی 43 ساڵە و خێزاندارە و چەند منداڵی هەیە. بە گوتەی هاووڵاتییەكە هیچ كێشەیەكی دەروونی و كومەڵایەتی لەگەڵ كەس نییە و تا ئێستە هۆكاری رفاندن و كوژرانی نازانرێت. دوێنی یەكشەم ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە لە بناری چیای مەقلووب دۆزرایەوە كە رەنگی ئۆتۆمبێلەكە لە سوورەوە بۆ رەش گۆڕابوو.

بەپێی قسەی ئەو هاووڵاتییە، ئێستە هاووڵاتی و كەسوكاری كوژراوەكە روویان كردووەتە بناری چیای مەقلووب بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییە.

لەلایەكی ترەوە هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، چوار رۆژ پێش ئێستە هاووڵاتییەكی كۆمەڵگای چڕە لە سنووری شارۆكەی شێخان ون دەبێت و ئەمڕۆ لە بناری چیای مەقلووب تەرمەكەی دۆزرایەوە.

ئەو گوتی تا ئێستە هۆكاری كوشتنی ئەو هاووڵاتییە‌ نەزانراوە، چونكە بكوژەكە هەڵاتووە و تا ئێستە نەگیراوە.

رووداوی كوشتن و خۆكوشتن لە سنووری شارۆكەی شێخان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و بەپێی زانیارییەكان، ئەمساڵ نزیكەی 10 كەس لەو ناوچەیە كوژراون یان خۆیان كوشتووە.

شێخان/ نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان