به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رمانه‌كانى ماڵه‌وه‌ت بپارێزه‌

:: PM:05:40:21/05/2018 ‌
له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌رمان و ه‌ه‌ر ماده‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆی گۆڕانی كیمیایی له‌ له‌شی گیاندارێك دا، زۆر جۆری هه‌یه‌ له‌وانه‌ ده‌رمان به‌ شێوه‌كانی ( حه‌پ - كه‌پسوول - ده‌رزی - شه‌ربه‌ت  - شاف).

شێوازی هه‌ڵگرتن و پاراستنی ده‌رمانه‌كان كارێكی زۆر گرنگ و پێویسته‌، چونكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ هه‌ڵگرتنی ده‌رمانه‌كان ده‌بنه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ ته‌ندروستیمان، تاكو ئێسته‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ نه‌ده‌زانیین ده‌رمان چۆن هه‌ڵبگرین نه‌ گرنگیمان به‌و بابه‌ته‌ داوه‌ ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ڵگرتن و چۆنییه‌تی پاراستنی ده‌رمان كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر ته‌ندروستیمان هه‌یه‌.

بانوو محه‌مه‌د پزیشكی ده‌رمانساز بۆ "وشه‌" ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌كاندا بكرێت و پارێزگارییان لێ بكرێت و هه‌ڵبگیرێت.

یه‌كه‌م/ چۆن ده‌رمان هه‌ڵبگرین؟

پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی شیاو ده‌رمانه‌كان هه‌ڵبگیرێت، مه‌به‌ست له‌ شوێنی شیاو بریتییه‌ له‌وه‌ی دوور بێت له‌ ده‌ستی منداڵ نه‌ك له‌ خۆیه‌وه‌ بیخوات، هه‌روه‌ها له‌ نێو پاكه‌ت و قوتووی خۆی بپارێزرێت و دوور بێت له‌ گه‌رمی و به‌ركه‌وتنی تیشكی خۆر، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا نابێت له‌ گه‌رماو یان  مه‌تبه‌خ و شوێنی شێداردا هه‌ڵبگیرێت، چونكه‌ گه‌رما و شێداری ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی ده‌رمانه‌كان، هاوكات نابێت سه‌ری ده‌رمانه‌كان به‌هه‌ڵپچڕاوی به‌جێ بهێڵدرێت چونكه‌ ئه‌وه‌یش هۆكاره‌ بۆ شێداربوونی و خراپبوونی.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی شلن پارێزراو بن له‌ وشكبوونیان، نابێت ده‌رمان له‌ به‌فرگردا هه‌ڵبگیرێت مه‌گه‌ر به‌ رێنوێنى پزیشك نه‌بێت، نابێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌رمان له‌ نێو ئۆتۆمبێل جێ بهێڵدرێت ئه‌و ده‌رمانانه‌شی كه‌ به‌سه‌ر چوون یانیش پێویستیتان پێی نه‌ماوه‌ نابێت هه‌ڵبگیرێت.

دووه‌م/ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ به‌كار ده‌هێندرێن، چۆن بخورێن؟

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وا باشتره‌ له‌گه‌ڵ خواردنی هه‌ر ده‌رمانێكدا په‌رداخێك ئاو به‌دوایدا بخۆیت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ رێنوێنییه‌كانی پزیشك به‌هه‌ند وه‌ربگریت، چونكه‌ هه‌ندێك ده‌رمان پێویسته‌ له‌ دوای نانخواردن و هه‌ندێكیشیان به‌ گه‌ده‌ی خاڵی بخۆیت.

هه‌ركاتێكیش هه‌ر جۆره‌ ده‌رمان و حه‌پێكت خوارد و هه‌ستت كرد گرفتت له‌ كاتی خواردنیدا بۆ دروست ده‌كات، پێویسته‌ پزیشكی شاره‌زا ئاگادار بكه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانه‌ت بۆ بگۆڕێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر.

سێیه‌م/ قه‌تره‌ی چاو وه‌ك ده‌رمانێكى هه‌ستیار پێویسته‌ چۆن به‌كار بهێندرێت؟

پێویسته‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی قه‌تره‌، ده‌سته‌كانت جوان بشۆیت و پاشان له‌سه‌ر شوێنێكی گونجاو پاڵ بكه‌ویت، بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌كانت ڕوو له‌ ئاسمان بكات، هه‌روه‌ها گلێنه‌ی چاوت به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی سه‌رت به‌رز بكه‌ره‌وه‌ و قه‌ته‌ره‌كه‌ی تێ بكه‌، پاشان چاوت دابخه‌ و بۆماوه‌ی خوله‌كێك یان دوو خووله‌ك مه‌یجووڵێنه‌ و مه‌یكه‌ره‌وه‌.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌رمان به‌كار ده‌هێنێت ده‌رمانه‌كانی خۆی به‌ كه‌سی تر نه‌دات، چونكه‌ پزیشك له‌سه‌ر چۆنیه‌تی نه‌خۆشییه‌كه‌ت ده‌رمانه‌كه‌ی پێ داوی و نابێت كه‌سیتر به‌كاری بهێنێت نه‌ك گرفتی ته‌ندروستی بۆ دروست بكات.

چواره‌م/ ده‌كرێت ده‌رمانه‌كان به‌ تێكه‌ڵی هه‌ڵبگیرێن؟

گرنگه‌ بزانرێت هه‌ندێك جۆری ده‌رمان هه‌ن نابێت له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌كانی تردا هه‌ڵبگیرێن كاتێك پزیشك ئاگاداری كردیته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانه‌ به‌دوور بگریت له‌ ده‌رمانه‌كانی تر، ڕه‌چاوی ئامۆژگارییه‌كه‌ی بكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی گرفت نه‌بیت.

پێنجه‌م/ پێویسته‌ نه‌خۆش چۆن به‌ به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كانییه‌وه‌ پابه‌ند بێت؟

له‌ كاتی گه‌شتكردنتدا ده‌رمانه‌كانت له‌ بیر مه‌كه‌ و ئه‌وه‌ش له‌بیر مه‌كه‌ كه‌ ده‌رمانی پێویستت پێ بێت له‌وكاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمانت لێ نه‌بڕێت، هه‌روه‌ها له‌ كاتی هه‌ر پرسیار و گرفتێك له‌ ده‌رمانه‌كانت شه‌رم مه‌كه‌ و پزیشكی ده‌رمانساز ئاگادار بكه‌وه‌، ئه‌وه‌یش بۆ تۆ به‌سووده‌ و له‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانی ده‌رمان به‌دوورت ده‌خاته‌وه‌.

شه‌شه‌م/ خواردنی ده‌رمان به‌بێ ئاو چی له‌ مڕۆڤ ده‌كات؟

به‌شێكی خه‌ڵك له‌ باری پێویستدا ده‌رمانی پێویست به‌ئاو، به‌ وشكی و به‌بێ ئاو ده‌خۆن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانن مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یان پاشگوێ خستووه‌ كه‌ دواتر لێیان ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داده‌نرێت كه‌ ئاو و شله‌مه‌نی، باشترین هۆكار و فاكته‌رن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌ زۆره‌كانی ده‌رمان، هه‌روه‌ها یارمه‌تیی ئه‌وه‌ ده‌دات ده‌نكه‌ حه‌به‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌رمان، له‌ ده‌مه‌وه‌ بۆ نێو گه‌ده‌ داخزێت، بێ هیچ لێخشان و به‌ركه‌وتن و زیانێك، له‌ باری به‌كارنه‌هێنانی ئاو بۆ خواردن و به‌كارهێنانی ده‌رمان و تایبه‌ت ده‌نكه‌ حه‌ب، ده‌بێته‌ هۆی هه‌وكردنی توندی دیواری گه‌ده‌، هه‌روه‌ها هه‌ست به‌ سووتانه‌وه‌ و دڵه‌كزێ و برینداری ده‌كه‌یت.

خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌رده‌وام به‌و جۆره‌ ده‌رمان و ده‌نكه‌ حه‌ب بخوات و خووی پێوه‌ بگرێت، وای لێ دێت تووشی قورحه‌ (برینی گه‌ده‌) و هه‌وكردنی به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها گه‌روو و سوورێنچكیشی تووشی نه‌خۆشی ده‌كات و ئه‌گه‌ری تووشبوونی ترشه‌ڵۆكی گه‌ده‌یشی هه‌یه‌.

ده‌رمانزانی یان فارماكۆلۆژی، لقێكه‌ له‌ پزیشكی و زینده‌زانی، كه‌ ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كارلێكی به‌رانبه‌ری ده‌رمانه‌كان (یان ماكه‌ كیمیاییه‌كان) له‌سه‌ر گیانله‌به‌ران، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی چێبوونی كاریگه‌ری زینده‌زانی ئه‌م ده‌رمانانه‌. ده‌رمانزانی  بریتییه‌ له‌ دوو به‌شی فارماكودینامیك و فارماكوكینیتیك. ڕه‌گی مێژوویی ده‌رمانزانی نۆرینه‌گه‌یی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست و كتێبی پزشكی قانوون نووسراوه‌ی ئیبنی سینا و ڕووماڵی ئیسحاق نووسراوه‌ی پترۆس ئیسپانۆس و هه‌روه‌ها جان سنت ئاماند.


وشە - محەمەد میران