بەمەستی پێشاندانی تواناكانی لێخوڕین بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزان لە شاری هەولێر نمایشی ئۆتۆمبێل بەڕێوە بچێت و تەواوی عێراق بەشداری تێدا دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئایار، ئەحمەد گەردی سەرۆكی یانەی هەولێر بۆ نمایشی ئۆتۆمبێل بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئارەزوومەندانی دریفت و سەركێشییەكانی ئۆتۆمبێل ئاگادار دەكەینەوە كە لە مانگی رەمەزان گەورەترین پێشبركێی دریفت لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت.
گەردی زیاتر گوتی، لە 15 مین شەوی رەمەزان سەعات هەشت و نیوو پێشبڕكێیەكە بەڕێوە دەچێت و سێ ناوبژیوانی نێودەوڵەتیش تیایدا بەشدارن لە پێشانگای نێودەوڵەتی پاركی شەهید سامی عبدلرەحمان نمایشەكە ئەنجام دەدرێت.
ڕوونی كردەوە كە ڕۆژی دووەمی پێشبڕكێیەكە تایبەت دەبێت بە ماتۆڕسكیلی وەرزشی و تا هەشتی ئەو مانگە ناونووسین بەردەوامە، بەڵام دەبێت مەرجی پێشبڕكێ هەبێت لە ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلەكان.
ساڵانە لە مانگی ڕەمەزان چەندان پێشبڕكێی جۆراوجۆر لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی چەند ساڵێكە ئەو پێشبڕكێییە لەلایەن شوفێرانی ئۆتۆمبێلیش وەك نەریتێك لەناو مانگی ڕەمەزان ئەنجام دەدرێت.