قەرەبووی قوربانیانی شەڕی داعش دەكرێتەوە

:: PM:09:22:21/05/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاسایەكی ساڵی 2009 پێویستە زیانلێكەوتوانی شەڕی داعش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان قەربوو بكرێنەوە و ئەوانەیشی ماڵیان تێكچووە دەبێت زیانەكانیان قەرەبوو بكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئایار، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی یاسایەكی ساڵی 2009 كە دووجاریش هەموار كراوەتەوە ئەو كەسانەی بە هۆی كردەی تیرۆریستی یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەڵەی سەربازیەوە زەرەرمەند دەبن قەرەبوو دەكرێنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، قەرەبوو كردنەوە لەسەر چەند بنەمایەك دیاری دەكرێت وەكو ڕێژەی كەمئەندام بوون و ڕێژەی زیانەكان ئەوەش دوای دیاری كردنی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت.

جاف زیاتر گوتی، دەگوترێت نووسراوێكی فەرمی بۆ ئەو قەرەبووە دەرچووە، بەڵام تا ئێستە ئەو نووسراوەم نەبینییەوە، بۆیە نازانرێت چی تێدایە لەبارەی قەرەبوو كردنەوە هەركاتێك بڕیاری قەرەبوویش دەرچێت هەموو كەسێك و هەموو ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە.

بەهۆی شەڕی داعش زۆرترین زیان بەر هاووڵاتییان و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە و لە ڕابردوویش نزیكەی دوو هەزار پێشمەرگە لەو شەڕەدا شەهید بوون.



وشە - رامیار جەواد