حكوومەت وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناداتەوە

:: PM:10:11:21/05/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، تا ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان وەڵامی یاداشتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیان نەداوەتەوە لەبارەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئایار/ مایۆ، نیاز ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشتر یاداشتێكیان لەبارەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە وادەی خۆیدا ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان كردووە و تا ئێستە وەڵام نەدراونەتەوە.

زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانی وەڵامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكات.

ڕوونیشی كردەوە كە هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردن بكرێت و وادەی كۆتای هاتنی ئەو خولەیش زۆری نەماوە.

پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا بۆ حكوومەت و پەرلەمان داوای كردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

لەمانگی شەشی ئەمساڵ وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت و چوارساڵ بەسەر سوێند خواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تێپەڕ دەبێت، ئەگەر وادەی هەڵبژاردنیش دیاری نەكرێت ئەوە ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوای 90 ڕۆژ دەكەونە بۆشای یاساییەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم