ئینێستا ئیتر دەبێتە یاریزانی ئەم یانەیە؟

:: AM:09:44:22/05/2018 ‌

یانەی ڤیسێل كۆپی ژاپۆنی تاڕادەیەكی زۆر لە راگەیاندنی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیك بووەتەوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ئینێستا كارەكانی رێككەوتنی لەگەڵ یانەی ڤیسێل كۆپی تەواو كردووە و ئیتر ئەو ئەستێرەیە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی تۆپی پێی ژاپۆن یاریی دەكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە پێشبینی دەكرێ لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا یانەی ڤیسێل كۆپی بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئینێستا رابگەیەنێ.

ئینێستا /34 ساڵ/ ماوەیەك پێش ئێستا ئاشكرای كردبوو لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ دوای ئەوەی بۆ ماوەی 16 ساڵ یاریی بۆ ئەو یانەیە كرد.

دوایین یاریی ئەو ئەستێرەیە رۆژی یەكشەمی رابردوو بوو بەرامبەر یانەی ریال سۆسیدد لە دوا یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا كە تێیدا یانەی بەرشەلۆنە بە گۆڵێكی بێ وەڵام سەركەوتنی بەدەستهێنا.

جێی باسە یانەی ڤیسێل كۆپی چەند رۆژێك پێش ئێستا رەتی كردبووەوە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئینێستا بدەن، لە هەمانكاتیشدا جەختی كردەوە كە رەنگە كۆمپانیای راكوتێنی خاوەنی یانەكەیان كە سپۆنسەری یانەی بەرشەلۆنەش دەكات ئەو رێككەوتن لەگەڵ ئەو ئەستێرە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م