وەرزی داهاتوو بەرشەلۆنەیەكی تریش بەشداری خولی ئیسپانیا دەكات

:: AM:10:54:22/05/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوان لە وەرزی داهاتووی خولی ئیسپانیادا بە یانەیەكی تریش لە ركابەرییەكانی خولەكە بەشدار دەبێت.

یانەی هویسكا كە ناسنامەی یانەی دووەمی بەرشەلۆنەی پێدراوە، بەفەرمی بووە یەكەم یانە بۆ وەرزی داهاتوو خۆی بگەیەنێتە ریزی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا.

یانەی هویسكا دوێنێ دووشەم لە گەڕی 40ی خولی پلە دووی ئیسپانیادا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی لۆگۆی بردەوە و ژمارەی خاڵەكانی بۆ 75 بەرز كردەوە و بە پێشەنگی یانەكان و بەفەرمی بووە یەكەم یانە بگات بە خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە وەرزی داهاتوودا.

نزیكترین ركابەری یانەی هویسكا یانەی رایۆ ڤالیكانۆیە كە 73 خاڵی هەیە بەر لە تەواوبوونی خولەكە بە 2 یاریی، لە ریزبەندی سێیەمیش یانەی سپۆرتنیگ خیخۆن دێت بە كۆكردنەوەی 68 خاڵ.

یانەی هویسكا وەرزی رابردووش نزیكبوو بگات بە خولی پلە یەكی ئیسپانیا، بەڵام لە دوا یاریی یەكلاكەرەوەدا بەرامبەر یانەی خیتافی دۆڕا.

جێی باسە یانەی هویسكا لە ساڵی 1960 لەسەر دەستی هاندەرێكی سەرسەختی یانەی بەرشەلۆنە دروستكراوە و تا ئێستاش پەیوەندییەكی بەتین لەنێوان هەردوو یانەكەدا هەیە، یانەكە هەروەها تا ئێستاش هەمان درێسی رەنگی سوور و شینی یانەی بەرشەلۆنە دەپۆشێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م