نرخی نەوت لە 80 دۆلار نزیك دەكەوێتەوە

:: AM:10:57:22/05/2018 ‌

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و لە دوێنێ دووشەمەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كردووە، سەرووی دۆلارێك لە نرخەكەی هەڵكشاوە.

كاتێك بازاڕی بۆڕسە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 69 سەنت دەفرۆشرا. دوێنێ دووشەم نرخەكەی تا 79 دۆلار و 40 سەنت هەڵكشا و لە چەند سەعاتی رابردووی ئەمڕۆ سیشەمیش نرخی نەوت رووی لە هەڵكشانە و سەرووی 30 سەنتی تر لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 79 دۆلار و 71 سەنت دەفرۆشرێت و خەریكە لە 80 دۆلار نزیك دەكەوێتەوە.

هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوو و ئەمڕۆ سیشەم 72 دۆلار و 70 سەنتی تۆمار كرد. ئەم جۆرە نەوتەش لە دوێنێ دووشەمەوە دۆلارێك و 30 سەنت لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ پرسی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی دەگەڕێتەوە، دوێنێ دووشەم حكوومەتی ئەمەریكا كۆمەڵێك مەرجی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند و گوتی، ئەگەر جێبەجێیان نەكات رووبەڕووی قورسترین سزا نێودەوڵەتییەكان دەبێتەوە.

راگەیاندنی ستراتیجی نوێی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران كە لە لایەن مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پیشكەش كرا، كاریگەریی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبوو.





وشە - سلێمان تاشان