مانچستەر یونایتد پارەیەكی زەبەلاحی بۆ یاریزانانی نوێ ئامادە كردووە

:: AM:11:30:22/05/2018 ‌

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ 5 یاریزانی نوێ ئیمزا بكەن و نرخی هەمووشیان نزیكەی 250 ملیۆن پاوەن دەبێت.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: مۆرینۆ داوای لە جێگری بەڕێوەبەری یانەی مانچستەر یونایتد كردووە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بوودجەیەكی بە بەهای 250 ملیۆن پاوەن بۆ ئامادە بكەن.

ئەو یاریزانانەی كە مۆرینۆ داوای كردوون برێتین لە: تۆپی ئەلدێرفێرلید بەرگریكاری یانەی تۆتنهام، فرێد لە یانەی شاختاری ئۆكڕانی، جان میشێل سێری لە یانەی نیسی فڕەنسی، جۆرجینیۆ لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی.

یانەكە هەروەها هەوڵ دەدات بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئەلێكس ساندرۆی بەرگریكاری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و گاریس بێڵی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بكات.

مۆرینۆ لەگەڵ ئەنجامدانی گرێبەستی ئەم یاریزانە نوێیانە، بڕیاری فرۆشتنی هەریەك لە یاریزانان دالی بلیند، ماتیۆ دارمیان، لۆك شاو، ئەنتۆنی مارسیال و مەڕوان فیلاینی دەدات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد رازیبوونە لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مۆرینۆ، بەڵام بەو مەرجەی وەرزی داهاتوو ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزییان بۆ بەدەست بێنێ كە لە 2013وە لێی بێبەش بوونە، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری نەپێكانی ئامانجەكەی لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م