ئەكتەرێكی ناسراوی كومێدی بە فیشەك هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییەك

:: PM:12:12:22/05/2018 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو لە كومەڵگەی "كورا"ی سەر بە شارەدیێ زاوێتە لە پارێزگای دهۆك، ئەكتەرێكی ناسراوی بواری كومێدیا بە كلانشینكۆف هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییەك و برینداری دەكات.

سەرچاوەیەك لە كومەڵگای كورا بە "وشە"ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو ئەكتەری بواری سینەما و كومێدیا "ئەكرەم تاهیر" ناسراو بە ئەكرەم كۆنفۆ، بە هۆكارێكی نادیار هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییەك بەناوی كەمال رەمەزان و بە سەختی برینداری دەكات.

زیاتر گوتی، فیشەكێكی كلانشینكۆفەكە بەر ئەو هاووڵاتییە كەوتووە و دواتر لە رێی چەند هاووڵاتییەكەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كراوە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت.

لەبارەی هۆكارەكانی ئەو شەڕە شەوی رابردوو ئەكتەرەكە لە پارچە ڤیدیۆیەكی راستەوخۆدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گوتی، ئەو كەسە لە رێی تەلەفۆنەوە جنێوی پێ داوە و بەكەسێكی ترسنۆك ناوی بردووە، بۆیە هێرشی كردووەتە سەر.

ئێستە پۆلیسی دهۆك بڕیاری گرتنی بۆ ئەو ئەكتەرە كۆمیدییە دەركردووە.

ماوەی چەند ساڵێكە ئەكرەم كۆنفۆ لە بواری نواندن و وەبەرهێنانی تەمسیلی كۆمیدی كار دەكات و لە رابردوودا نزیكەی 10 فیلم و ژمارەیەك تەمسیلی بەرهەم هێناوە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم